دەربارەی پرسی سیاسەت






دێرسیم فایەق

بەردەوام ئەوەمان دەکەوێتە بەر گوێ، سیاسەت هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانمانەوە نەماوە، شتێکی نامۆ و دەرەکییە و پێویست ناکات سەری خۆمانی پێوە بئێشێنین و خەریکی ژیانی تایبەتی خۆمان بین باشترە. وا وێنادەکرێت جۆرێک بێت لە لەقاڵبدانی مرۆڤ؛ توانای بیرکردنەوە و خەیاڵاتە شیعرییەکانی سەرکووتبکات؛  بیابانێک بێت هیچی تیا سەوز نەبێت. بەڵام خودی پراکتیزەکردنەی ناسیاسیبوون خۆی جۆرێکە لە پەیڕەوکردنی سیاسەت. بە جۆرێک ناسیاسیبوون، شێوەیەک دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێک لە خزمەت بەردەوامیدان دایە بە دۆخی باو و ئایدۆلۆژیاییەکی باڵادەست و سەردەست درێژە پێدەدات و بەرهەمی دەهێنێتەوە. هەر خودی ئەم ئایدۆلۆژیا سەردەستەش، تانوپۆی ئەم شێوازەی ژیان و سیاسەتەی ڕەنگڕێژ کردووە.

لە دوای راگەیاندنی "کۆتایی مێژوو" و لە سەردەمی پاش-ئایدۆلۆژیا و کەوتنی بە جۆرێک لە جۆرەکانی هەموو حەکایەتە گەورەکانەوە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، و هەروەها باڵادەستبوونی سەرمایەداریی جیهانی و خۆخستنەڕوویی بەوەی تاکە ئالتەرناتیڤە، و جاڕدانە بەناوبانگەکەی بۆش‌ـی باوک بەوەی ئایدۆلۆژیا کۆتایی هاتووە و "بۆ یەکەم جار لە مێژوودا مرۆڤایەتی  چیتر پێویستی بەوە نییە سیستەمێک دابهێنێت تا بەپێی ئەوە بژی. پێویست ناکا شەو تا بەیانی بیر لە شێوازی بەڕێوەبردنی ژیانمان بکەینەوە..." لێرەوە، ئەوەی وەک دەرئەنجام لێیکەوتەوە، ئەوە بوو پرسی سیاسی وەک شتێکی بێزراو و ناپێویست و زیاد و سەیر بکرێت. سیاسەت کورتکراوەتەوە بۆ پرۆسەیەکی تەکنۆکراتی ئالوگۆڕ و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە، بۆ هەندێک حسابی کارگێڕی، کە هەندێک کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند و شارەزا بەڕێوەی بەرن، و چیتر پێویستی بە بەشداری کارایانەی خەڵک نەبێت تیایدا، هەربۆیەشە سیاسەت چیتر وەک شێوازێکی ڕێکخستنی بەرەنگاریی سەیر ناکرێت؛ ئەوەی هەیە کۆمەڵێک چیرۆک و هەقایەتی کەسیی بچووک بچووکە ژیانی تاکەکەسی و هەندێ فۆرمی سەرپێچی و ئاکتی لۆکاڵی دیاریکراو، جێی هەموو ویستێکی ڕزگاری و فۆرمی بەرەنگاری گرتۆتەوە.

هەروەها دیوێکی تری ئەمەش، پیشاندانی شانۆئاسای سیاسەتە، وەک پانتاییەکی شەفافی بەشداری دیموکراتییانەی هەر چوار ساڵ جارێکی خەڵک تیایدا. بەمشێوەیە سیاسەت هەر تەنیا ئەو ناوەڕۆکە ئاشکراو دیارە نییە کە پەیڕەو دەکرێت، بەڵکوو دەکرێت لە فۆرمێکی تەمومژاوی و ناڕوون و نکۆڵی‌لێکراودا، ناکۆکی و ئاریشەکانی سەردەمەکە بنوێنێتەوە. بەمجۆرە، خودی ئەو ڕوونی و بەرچاوییە، ئەوەی کە هەموو شتەکان لەبەرچاومانن و شەفافن، ناوەڕۆکی شتێکی دیکە دەشارنەوە، کە ئەویش خۆی لەو هەموو ئامادەکارییەدا دەبینێتەوە تاوەکوو دۆخەکە بەم جۆرە دەربکەوێت. بە واتایەکی دیکە، لە پشت پەردەی ئەم شەفافی و ڕوونییە ئەوەی خۆی حەشارداوە ئەو هەموو توندووتیژییە کە ئەم نەزمەی بەمجۆرە ڕاگرتووە، ئەو هەموو چەوسانەوەیە کە نادیدەگیراوە بۆ ئەوەی دۆخەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە. گەر بۆ بەرچاوڕوونی نموونەیەکی رۆژانە بهێنینەوە، ئێمە کاتێک لە خواردنگەیەکدا هەموو ئامادەکردنەکانی خواردنەکان و شێوازی پێشکەشکردنەکەی لەبەرچاوماندا دەبین، لە وەهمی ئەوەدا دەمێنینەوە کە تەواو کۆی شتەکە هەر ئەمەیە،  ئەوندەیە و شەفافە، بەڵام لە پشتی ئەمە کۆمەڵێک ئامادەکاری تر هەیە کە لەبەرچاودا نین بۆ ئەوەی بگات بەم نمایشە شانۆییە، ئیتر هەموو شێوازەکانی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە کە چۆن ئامادەکراون، چەند مرۆڤ ڕەنجیان پێوە کێشاوە چەوساونەتەوە تا ئامادەکراوە، هتد. لەم ڕووەوە، ئەوەی  پەردەی شانۆی ناسیاسی ڕاگرتووە، هیچ نیە جگە لە سیاسەت خۆی زیاتر.  بۆیە، هەموو ئەو شتانە کە ئێمە پێمان وایە شانۆیەکی‌ ڕوونی (نا)سیاسین، پیادەکردنێکی زەقی خودی پرسی سیاسی خۆین. بە واتایەکی دیکە پرسی سیاسی کەلێنی نێوان سیاسەت و ناسیاسەتە.

پرسی سیاسی پەیوەندی بە ڕەهەندێکی پرۆسەی دیموکراتی و پیادەکردنی هێزەوە هەیە. پرسی سیاسی بەهەمان شێوەی پیادەکردنی هێزەوە، جۆرێک لە پارادۆکس و کەلێنی بنەڕەتی لە خۆگرتووە. هێز بۆ ئەوەی پیادە بکرێت و ڕەوایەتی پێبدرێت پێویستی بەزۆرلێکردن و سەپاندن هەیە، کە ئەمەش خودی نیشانەی لاوازییەکەیەتی، لە نموونە باوەکەیدا، کاتێک باوکێک بۆ ئەوەی هێزی خۆی بەسەر منداڵەکەیدا بسەپێنێت، ناچار دەبێت لێیبدات، ئەم دەرخەری خودی بێ‌‌هێزی و لاوازییەتی؛ چونکە هێزەکەی پشتی بە شتێکی دەرەوەی خۆی بەستووە، بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت  بەمشێوەیە. لەبەرئەوە، هێز خۆی لە هەمان کاتیشدا بە جۆرێک لاوازییە. بۆیە پێویستی بەئایدۆلۆژیایە، تاوەکوو ڕەوایەتی بەم هێزە بداتەوە، و جۆرە شەرعیەتێکی دەسەڵاتداری و ئۆتۆریتەیی بۆ پەیدا بکات.

ژیژەک ئاماژە بەوە دەکات "لە گواستنەوە لە کۆمەڵگەی مۆنارشی [پاشایەتییەی] فیوداڵییەوە بۆ دیموکراسی سەرمایەداری، ئەو شتەی کە بەربەستێک بوو لەبەردەم کارکرد و بەڕێوەچوونی 'ئاسایی' هێزەوە، لە دیموکراتیدا بوو بە پێشمەرجێکی ئەرێنی پێکهێنەر: ئەوەی وەک هەڕەشە دەبینرا (ململانێ لەنێوان سوبێکت-بریکارەکاندا تاوەکو پێگەی هێز/دەسەڵات پڕبکەنەوە)، بووە خودی پێشمەرجی پیادەکردنی ڕەوایانەی دەسەڵات. بۆیە تاکە گەرەنتی پەیڕەوکردنی دەسەڵاتێکی دیموکراتی ڕەوا، ئەوپەری نادڵنیای و لەرزۆکیی پیادەکردنی دەسەڵاتە."[1] لە سیستەمی فیودالیزمدا  پاشا یا کەسی دەسەڵاتدار، پێگەکەی خۆی وەک ڕەمزێکی سیمبوولی و پێدراوێکی ئیلاهی سەیر دەکات، پاشا هەر لە دایکبوونەوە بەزگماگی خۆی وەک پاشا دەبینێت، نەک ئەوەی بووبێت بە پاشا و ڕۆڵی پاشا ببینێت؛ و وەهمی ئەوەی زامنکەری نەزمە، ڕادەگرێت.  لە فیودالیزمدا شتێک نەبوو بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی، خەڵک لەناو جۆرە نێو-پەیوەندییەکی چەقبەستوو و چەسپیوی دیارکراودا بوون، لە پەیوەند بە دەسەڵات و مۆنارشەوە. هەمووان ڕۆڵی خۆیان دەزانی. بۆیە بەمشێوە پێویست بوو هەندێک سازش بکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو نەزمە، چونکە هەر بەرهەڵستییەک دژی وەک بەربەست لەبەرامبەر دەسەڵاتی مۆنارشدا دەبینرێت، کە دەبێتە هۆی 'ژێرپێخستنی بناغەی کۆمەڵگە و پاشاگەردانی و ئانارشیزم'. بۆیە بەم شێوەیە لەم شێوازە سیاسیییەدا، بانگەشە بۆ نواندنەوەی سیستەمێکی "ئایدیاڵ"ـە و و کەماڵ دەکات، و حوکمەکەی نوێنەرەوەی وێنەیەکی یەزدانییە، و دەسەڵاتدار خۆی وەک نوێنەری خودا دەبینێت لەسەر زەوی.  بەمشێوە هەموو فۆرمێکی سیاسەت، واوێنادەکرێت پێویست بکات پێشوەختە شکڵە ئایدیاڵەکەی خۆی بدۆزێتەوە، کە فۆرمێكی پێشوەختە دیاریکراوی ئایدیاڵ بنوێتێتەوە و لێکچووی ئەو بێت.

لە قۆناغی دواتردا، سەرهەڵدانی دیموکراسی بریتی بوو لە گرووپێک لە خەڵک کە بیانەوێت نوێنەرایەتی بکەن یا بکرێن؛ بەم شێوەیە ئەرکی سیستەمی دیموکراسی ڕەخساندنی پانتاییەکە بۆ نوێنەرایەتیکردن. بەمجۆرە، ئایدیای سیاسەتی دیموکراتی بریتی بوو لە ململانێیەکی ناوەکی نێو ئایدیای خودی لۆژیکی دەسەڵاتێکی پێشوەختە-نەزمکراو و زامن. بەپێی ئەم لۆژیکە، دەسەڵاتێکی دادپەروەر بریتییە لە سیستەمێک کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕێکخستنەوەی ئەم ملاملانێیەدا، لەڕێی یاسا و دەستوورەوە، تاوەکوو بەشداری لە هەڵبژاردنی سیاسیدا فەراهەم ببێت. بۆیە چارەسەری دیموکراتی "خەسڵەتی 'داهێنانی دیموکراسی'... خۆی لە ڕێکەوتەیی (Contingency) دەسەڵاتدا دەبینێتەوە - بەوەی کەلێنێک هەیە لە نێوان دەسەڵات وەک پێگە و هەڵگرەکەیدا، بە شێوەیە دەسەڵات چیتر شتێک نیە 'لە-خۆیدا' بەڵکوو دەبێتە 'بۆ-خۆ' و لە هەموو بوونیادی دەسەڵاتدا ڕەنگدەداتەوە.."[2]؛ بە واتایەکیتر، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم پێگە-بەتاڵەی دەسەڵات، کە مۆنارش پڕی دەکاتەوە، بهێنێت و گشتەکی (Universalize) بکاتەوە، بەوەی تەنها مافی یەک کەس نەبێت پێگەکە پڕبکاتەوە؛ و بەمشێوەیە، ئەم جۆرە ملاملانێیەی دەسەڵات، بکاتە بنچینەی بەشداری دیموکراتییانەی گشتیی خەڵک. لەبەر ئەوە،  گواستنەوە لە فویدالیزمەوە بۆ دیموکراتی [سەرمایەداری]، گواستنەوەیە لە ملاملانێی نێوان دەسەڵات و ئەویترەکەی، کە نا-دەسەلاتە، لە فیودالیزمدا؛ بۆ سەر گواستنەوە خودی ململانێکە بۆ ناو لۆژیکی دەسەڵات خۆی. واتا،  گەر لە فیودالیزم هەر ململانێیەک لەسەر گەیشتن بە کورسی دەسەڵات وەک مەترسی بۆ سەر کۆی لۆژیکی دەسەڵات ببینرایە، ئەو لە دیموکراسیدا، بە پێچەوانەوە، ئەم ملاملانێیەی نێوان تاکەکان بۆ گەیشتن بە پێگەی دەسەڵات نەک هەر وەک مەترسی سەیر ناکرێت بەڵکوو مەرجی کارکردنی کۆی سیستمەکەیە. بەمجۆرە وا دەردەکەوێت، وەک بڵێی تا زیاتر پێگەی دەسەڵات لەرزۆک و ناڕوون بێت ئەوا زیاتر لەناو پیادەکردنێکی ڕەوای دیموکراتیکی دەسەڵاتداین. لێرەوە باسوخوازی ئەوە دەهێنرێتە ئاراوە کە دیموکراسی پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەرگیز کۆتای نەهاتووە، بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ دژبەرەکەی خۆیدا، هتد. بەڵام ئەوەی ژیژەک ئەنجامی دەدات لێرەدا، ئەوەیە پێی وایە هەمان لۆژیک لەناو خودی دیموکراسیشدا جێبەجێکراوە. دیموکراسی، لەگەڵیشیدا مۆدێرنە لە شۆڕشی فەرەنسیدا، بەناو زنجیرەیەک لە دابڕاندا تێپەڕبوون. لە گواستنەوەیدا لە مۆدێرنیتە/دیموکراسی یەکەمەوە بۆ مۆدێرنیتەی هاوچەرخ، کە ئەم گواستنەوەیەش بەهەمان شێوە، وەچەرخانێکە لە 'لە-خودا'وە بۆ 'بۆ-خۆ'، لە سەرەتا لە شۆڕشی فەرەنسیدا، دیموکراسی حوکمی خەڵک بوو، کە نوێنەرەوەی هەقیقەتی گشتەکی کۆمەڵگە بوو، چەمکی سەروەری خەڵک و مافەکانی مرۆڤ هاتەکایەوە. بەمشێوەیە، "پێشوەختە خەسڵەتی 'یەکەم مۆدێرنیتە' گرژی و لێکدژی ناوەکی نێوان 'دیموکراسی خەڵک' (خەڵک-وەک-یەک؛ ئیرادەی گشتی)، بە پۆتێنسیالی توانستە ماتەوزەییە 'تۆتالیتاریی'کەیە، بوو لەگەڵ تێگەیشتنی لیبراڵی بۆ ئازادی تاکەکەسی و کورتکردنەوەی دەوڵەت بۆ 'چاودێریکاری' کۆمەڵگەی سیڤیل."[3] بۆیە بەم شێوەیە حکومڕانی، بریتیی بوو لە ئیرادەی خەڵک و هەر ئەویش جێگەی بەتاڵی دەسەلاتی سیستەمی فیوداڵی پڕدەکردەوە و دەبووە ڕواڵەتی دەسەڵات خۆی؛ ئیرادەی خەڵک بێگوومان لەبەرامبەر دژەکەیدا بوو کە بریتی بوو 'دووژمنانی خەڵک'، کە هەر ئەمەش لایەنە بەناو تۆتالیتارەکەیەتی، چونکە پێویستی بە تەسفییەکردنی دوژمنانی نێوخۆی/دەرەکی گەل بوو، تاوەکوو بتوانێت زامنی  ئیرادەی خەڵک بکات. شۆڕشی فەرەنسی نموونەیەکی بەرچاوی بەرجەستەکەری ئەم لۆژیکە بوو، تیایدا بۆ بەرجەستەکردنی ئیرادەی خەڵک پێویست بوو و زەروورەتی ئەوە هاتە ئاراوە کە دژبەرانی خەڵک و توخمی دژە شۆڕش لەناوبەرێت.

گواستنەوە لەم فۆرمەوە بۆ فۆرمی دووەمی دیموکراسی، جۆرێک لە خەسڵەتگیری ئاوەژووبووەوە لە خۆدەگرێت. لەم فۆرمەی دووەمی دیموکراسی، حکومەت زامنکەر و گەرەنتیکاری کۆمەڵگەی سیڤیل و مەدەنییە. بەپێچەوانەی حکوومەت لە فۆرمە یەکەمەکەدا، کە زامنی ئیرادەی خەڵک و تەواو بەسیاسییکرابوو؛ لەم فۆرمەی دووەمیاندا حکوومەت بەتەواوەتی لە سیاسەت داماڵدراوە و دابڕێنراوە، بۆ ئەوەی بەر بەو زیادە تۆتالیتارییە بگیردرێت، تاوەکوو گەرەنتیکەری کۆمەڵگەی مەدەنی/سیڤیل بێت.  لە پێناسەکەی ئەمڕۆیدا، دیموکراسی "سیستەمێکە، کە حیزبەکان تیایدا دەکرێت بدۆڕێن." لێرەشەوە بۆرژوازی وەک ئایدۆلۆژیایەک سەرهەڵدەدات، تیایدا نوخبەی حکوومڕانی بۆیە هەن، تاوەکوو بەردەوامی مافی خاوەندارێتی تایبەتی چینی بۆرژوازی بپارێزن. ئەگەر لە فیودالیزمدا دەسەڵات بۆ پاراستنی مافی کەسی خاوەن دەسەڵاتدار بوو، ئەوا لە دیموکراتی سەرمایەداریشدا بەم شێوەیە درێژە دەدات بە پاراستنی دۆخی باڵادەست، کە بریتییە لە پاراستنی خاوەندارێتی تایبەت. بەم جۆرە حکومەت/دەسەڵات بۆیە هەن تاوەکو بەردەوامێتی ئیشکردنی نەزمی باڵادەست (سەرمایە) فەراهەم بکەن. بەم شێوەیە، لەم قۆناغەی [پاش] پۆست-ئایدۆلۆژیا و پۆست-سیاسەتدا، ئایدۆلۆژیا و سیاسەت خۆی دەبنە شتێکی جێ گوومان و دوورەپەرێز. بۆیە بەم شێوەیە سیاسەت وەک لەسەرەتاوە باسمان لێوەکرد، بریتییە لە شێوازێکی بەڕێوەبردنی ئیداری و کارگێڕی تەکنۆکۆراتی ئیدارەدانی دۆخەکە و وەدەرنانی کێشە و تەنگژەکان بۆ دەرەوە، بەم شێوەیە سیاسەتێک کە خزمەت بە بەرهمهێنانەوەی بێ خەوش سیستەمەکە دەکات، تاوەکوو هەموو شتەکان لەسەر شانۆکە، بەبێ‌ کێشە و چەڵەمە و بەبێگەردی بڕۆن و وەک پرۆسەیەکی تەواو ڕوون دەربکەون.

********

 بۆیە دەکرێت پێناسەی پرسی سیاسی بریتی نەبێت لە کارکرد و ئیشکردنێکی بێ‌خەوش و بێگەردی هیچ سیستەمێکی سیاسی نەزمکراو؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بریتی بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تراومایی لەگەڵ جۆرە بنبەستێکی بنچینەیی ناو هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، کە ڕەبتێکی بچینەیی بە کێشەی دەسەڵات و هێزەوە هەیە؛ وەڵامێکی سیمپتۆمناسییانە بێت (بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی ناو) بنبەستی سیاسی، بەوەی هەری کەم دەستوەردەداتە ناو ئەو تانوپۆیانەوە کە پاشخانی نەنوسراو و لێڵی دۆخەکەن؛ و ئەو فەنتازیانە دەشێوێنێت کە واقیعەکەی ڕاگرتووە و وامان لێدەکات بەوە شێوەیەی کە هەیە ڕەفتار بکەین، نکۆڵی لە لێکدژییە پێکهێنەرەکەی بکەین. بەم شێوەیە باسکردنی خودی سیاسەت  دەبێتە پرسێکی سیاسی و هەڵوێستەکردنێکی سیاسی؛ ئەم جۆرە لە سیاسەت کۆکردنەوەی فەلسەفە و توێژینەوەی سیاسییە، چەمکاندنی پرسی سیاسیە لەناو ئەقلانییەتێکی مێژووگەریدا، جووڵانەوەیە بەپێی پرەنسیپێکی ڕزگاری، نەک تەنیا هەر جۆرە ئامڕازێکی بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی.

لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و کەوتنی بلۆکی سۆڤیەتەوە، سەردەمێکی بەناو "پاش-ئایدۆلۆژی" هاتە ئاراوە، کە تیایدا فۆکۆیاما جاڕی کۆتایی مێژووی لێدا و سەرمایەداریی جیهانی خۆی وەکو تاکە پێشڕەوی هەموو جیهان ناساند. ئەم جۆرە ئایدۆلۆژیایە لەگەڵ خۆیدا چەپاندنێکی گەورەی بەسەر پرسی سیاسیدا هێنا، و هەموو ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی وەک شتێکی بەسەرچوو وێناکرد؛ و تاکە ئەرکی سیاسەتی وەک بەڕێوەبردنێکی تەکنۆکراتە خستەڕوو و هیچ بوارێکی بۆ هیچ بەرەنگارییەکی دەستەجمعەی سیاسی بە پێویست دانەنا. بەڵام هەروەک دەوترێت هەموو چەپاندنێک، گەرانەوەی چەپاندنەکەشی بەدوادا دێت.[4] بەڵام ئەم چەپاندنەی پرسی سیاسەت، لە شێوەی سیاسەتێکی کۆنەپارێزیی، پۆپۆلیستی و ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیستی (باڵی راستڕەو بە گشتی)دا، گەڕاوەتەوە، نەک پرۆژەیەکی ڕزگاری و پێشکەوتنخواز کە هەقیقەتێکی چەپێنراوی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت. بەواتەیەکی تر، وەک ئەدریان جۆنستۆن‌ـی فەیلەسووفی ئەمریکی لە دەرهەق بە ترمپدا ئاماژەی پێدەکات "ئەم گەڕانەوەی چەپێنراو، لە چەپێنراوەکە خۆی چەپێنەرترە"، بەوەی هیچ پرۆژەیەکی پێشکەوتنخوازی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە، ئەوەی هەبوو لە شێوەی پۆلۆیزمێکدا ئەو چەپێنراوە گەڕایەوە.

 تێمای سەرەکی ئەم جۆرە سیاستە، واتە پۆپۆلیزم، بریتییە لە "ئێمە بەرانبەر بە ئەوان"، کە تیایدا ئەویتر ڕێگرە لە بەردەم ئەوەی بگەینە سیستەمێکی مەزن و باش. بۆیە تاکە ڕێگە وەدەرنانی ئەویترە، جا ئەم ئەویترە لە ئاستە جیهانییەکەیدا، خۆی لە کۆچبەر، جوولەکە، کەمایەتییەکان هتد.دا، لە ئاستی ناوخۆی خۆشمان هەندێک دەستنیشانکردنی ئەم حزب و ئەو حزب و "تێکدەرانی ئەخلاقی کۆمەڵگە" و مۆدێل و هتد. دەبینێتەوە. ئەم شێوازە لەسیاسەت لە شێوە جێگۆڕکێیەک(displacement)ـی فرۆیدیدا، لە جیاتی دەربەستبوون لەگەڵ کۆی کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان هەڵساوە بە کورتکردنەوە و بەرجەستەکردنی کێشەکان لە ئەویتری دەرەکیدا، کە تەنیا بە وەردەرنان و دەرکردنی ئەوان چارەسەری دێتە ئاراوە، و ئەوانن کە هەڕەشەن بۆ سەر هاتنەگۆڕی سیستەمێکی "بێخەوش". کۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوو ئۆپۆسیسیۆن، و هەمیش دەسەڵات، لەسەر ئەم مژارانە بوو، کە ئەویش دەستنیشانکردنی کەسانێک کە وەک تابوورێکی پێنجەم هاتوونەتە ناوەوە نەزمەکەیان تێکداوە، بۆیە بۆ گەڕانەوەی حزور و سەقامگیری پێویستە ئەو دزەکەرە تێکدەرانە دەربکرێن، ئیتر ئەمانە کەسانی 'گەندەڵ'، یا 'تێکدەری ئەخلاقی کۆمەڵگە و شیرازەکە' هتدن.

سیاسەتی پۆپۆلیزم بەم ساختە-دەستنیشانکردنە-کۆنکرێیتییانەی نەیاران و دزکەران کە پێویستیان بە وەدەرنانە،  وادەکات هەرگیز نەپرژێتەسەر و دەست بۆ کێشە بنچینەییەکانی ناو سیستەکەمە خۆی نەبات و هەمیشە یەکێک (ئەویترێک) بدۆزێتەوە کە نایەکانگیری درووستکردووە و کامڵێتی دۆخەکەی تێکداوە و دۆخەکە لە ئەستۆی ئەودایە. بەڵام ئەوەی ئەم جۆرە چەمکاندن و تێگەیشتنە هەستی‌پێناکات، ئەوەیە خودی ئەم نایەکانگیری و ئەم دزەتێکردنە دەرەکییە، نیشانە و سیمپتۆمی بیماری و نەخۆشی خودی بوونیادیی سیستەمەکە خۆیەتی، کە ئاوا بە شێوەیەکی پاتۆلۆژییانە لەو "ئەویتر"ـانەدا دەرکەوتووە: "بەلای مارکسەوە قەیرانی ئابووری سەرمایە، تێگەی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە شێوە کاردکردنی "نۆرماڵ"ـی سەرمایەداریی؛ هەروەک چۆن بەلای فرۆیدیشەوە، هەڵچوونی هیستریایی بەشێکی پێکهێنەری سەرەکی (ئەو ئەنتاگۆنیزم و لێکدژییە شاراوانە بوون) کە کارکردی "نۆرماڵ"ـی ژیانی سوبێکتی رادەگرت."[5] بۆیە دۆزی پۆپۆلیزم هەرگیز بریتییە نیە لە خودی سیستەمەکە خۆی، بەڵکوو هەمیشە دەستنیشانکردنی دزەتێکەرێکە کە سیستەمەکەی گەندەڵ کردووە و ڕێگرە لەوە بە "ئاسایی" بەردوام بێت و بەڕێوەبچێت.  کۆی پرۆژەی پۆپۆلیزم بەجۆرێک کاردانەوەیە بەڕووی دۆخی هەبوودا، ناتوانێت پرۆژەیەکی چالاکانە بخاتەڕوو کە کۆی دۆخەکە تێپەڕێنێت.

پەیوەست بەمەوە، لێرەدا، گەر نموونەیەکی کۆنکرێتی وەربگرین، نەوەی نوێ وەک هێزێکی پۆپۆلیست؛ لە غیاب و شکستی پرۆژە و دیدگای ئالتەرناتیڤێکی چەپدا، دێت خۆی وەک نوێنەرەوەی خەڵکی هەژار دادەنێت و کێشەکانیان دەقۆزێتەوە، لە شێوە پێچلێدانێکی هەلپەرستانەدا وەریاندەچەرخێنێتە سەر کۆمەڵێک درووشم و شیعاری وەک "تاقیمان بکەنەوە با ئەم چوارساڵە ئێمە بین، چی زەرەر دەکەن" کە دواجار هیچ نین جگە لە درێژەدان بە سیستەمەکە و خزمەتی سەرمایە و ڕاکێشی بەشی زیاتر بۆ خۆی؛ ئەوەی زەرەرەی خەڵکیش دەیکات مانەوەی کۆی گشتی دۆخەکەیە وەکو خۆی. هانا ئارێنت دەڵێت "ئەوانەی کە خراپە(Evil)یەکی کەمتر هەڵدەبژێرن، لە بیریان دەچێتەوە لە کۆتاییدا هەر خراپەیان هەڵبژاردووە." هەر بۆیەشە ئەم خودی تاقیکردنەوەیە لە نێوان خراپ و خراپتر، هەر هەڵبژاردنی خراپە خۆیەتی. دواجار، خودی ئەم هەڵبژاردنەش لە نێوان خراپ و خراپتر هیچ نیە جگە لە بەکاڵاکردنی خودی هەڵبژاردن و سیاسەت خۆی. کورتکردنەوەی کۆی پرۆسەی گۆڕانکاریش بۆ دەنگدان هیچ بەدوای خۆیدا ناهێنێت؛ هەر وەک هەر وەک ژان پۆل سارتەر ئاماژەی پێکرد کە "کردەی دەنگدان نموونەی پراتیکێکی دەستەجەمعی نییە، بەڵکوو زیاتر شتێکە لەوەی کۆمەڵێک لە تاکەکان کە هیچ شتێکی راستەقینەی ئەوتۆ کۆیان ناکاتەوە هاتوونەتە پاڵ یەکترەوە." بۆیە لە جۆرە نکۆڵییکردنێکی فیتیشیشتیدا لێرە خەڵک لەڕێی دەنگدانەوە مەودایەک لە سیاسەت وەردەگرێت، تاوەکوو لە دوورە سەیرکەر بێت و خۆی سەرقاڵ نەکات بەو باسوخواسانەوە، لە جیاتی ئەوەی بەشدارییەکی کارای هەبێت. دەنگدان دەبێت بە پرۆسەیەکی هاوشێوەی پارەدان بە کڕینی حکوومەتێک، هەمان لۆژیکی ئاڵوگۆڕی کاڵاکانی تیادا جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ جۆرێک لە بەکاڵاکردنی دیموکراسی، کە تیایدا سیاسەت هەموو ماناکانی لەدەست دەدات و چیتر وەک بوارێک نامێنێتەوە بۆ مشتوومڕکردن لەسەر مژار و کێشە هاوبەشەکانمان. کورتکردنەوەی کۆی سیاسەتیش بۆ دەنگدان یەکێک لەو هۆکارانەی ئەم دەرئەنجامە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بۆیە تێگەیشتن و ڕەخنەی ناونشینی ئەو ڕەوشەی تیایداین، هەنگاوی یەکەمە بەرەو خستنەڕووی ئالتەرناتیڤ و جێگرەوەی ئەم دۆخەیەی ئێستا کە هەیە. دەکرێت کۆی مێژووی ئەوەی لێوە فێریبووین و ئەوەی تیا سەرکەوتوو بووین، تیۆریزەکردن و پەند وەرگرتن لە شکستەکان بووبێت. هەڵە خۆی بەشێکە لە گەیشتن بە ڕاستی. هەقیقەت هەمیشە لەڕێی ڕێگەیەکی پێچاوپێچ و دووبارەکردنەوە دەستی‌ پێڕادەگیرێت، و ڕێگەکەی هەمیشە بریتییە لە شکستهێنان و دووبارە هەوڵدانەوەی سەر لە نوێ و لە سفرەوە بۆ گەیشتن بەو هەقیقەتە. ئەگەر پێناسەکەی دەستپێکمان بۆ سیاسەت ئەوە بووبێت کە سیاسەت و نا-سیاسەت هەردووکیان هەر پیادەکردنێکی سیاسین و سەر بە ڕەهەندی پرسی سیاسین. بەڵام ژیژەک پێچێکی بنچینەی بەم تێزە لێدەدات و ئەوە دەخاتەڕوو چی دەبێت گەر بنەڕەتیی خودی  ژێستی سیاسی بەوردیی، بریتی بێت لە ژێستی جیاکردنەوەی پرسی سیاسی لە پرسی نا-سیاسی؟"[6] ئامانجی سەرەکی ژیژەک لەم کێشەسازیکردنە بریتییە لە ڕەخنەکردنی  کۆی فکری پۆستمۆدێرنیزم. سەرەڕای، لایەنی ئەرێنی وەک، ئەوەی پۆستمۆدێرنیزم سەرکەوتووە لەوەی زۆرێک لەو پرسانەی کە پێشتر وەک نا-سیاسی و ژیانی تایبەتی دەبینران بەسیاسی بکاتەوە؛ بۆ نموونە، کێشەگەلی وەک جێندەر، ڕەگەز، چین و کۆڵۆنیاڵیزم هتد، دیسانەوە هاتنەوە ناو پانتایی باسوخواسە سیاسییەکان و ڕۆڵی نوێیان پێدرایەوە و هەموویان هاوشان بەیەکتری لەناو زنجیرەیەکدا دانرانەوە. بەڵام کێشەی ئەم فرەیی‌کردنەوەیەی پانتاییەکانی بەرەنگاری لەوەدایە، کە ئەم بەشەکیکردنەوەی  لەسەر حیسابی نەبوونی هیچ ئالتەرناتیڤێکی تیۆری/پراکتیکی گشتگیرە کە خۆی وەک پرۆژەیەک بۆ سیستەمی باڵادەست پێشکەش بکات. کاتێک شوناسێک دەکرێت بە پێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوە، ئەوا خەباتەکە لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن ئەم شوناس لەناو قەڵەمڕەوی سیستەمەکەدا جێیبکرێتەوە دانپیادابنرێت و نوێنەرایەتی بکرێت، نەک ئەوەی کۆی ئەوە دۆخە تێپەڕیندرێت، کە کە وایکردووە ئەم شوناسە دایاریکراوە پێویستی بەم دانپیادانانەبێت. ئەم بە کلتووریکردنەوەی سیاسەت لەسەر بەڵام ئەمانە لەسەر حسابی لە سیاسەت-داماڵینی ئابووری کراوە، کاتێک بۆ نموونە کۆمەڵێک خەڵکی ڕەسەنی جێگەیەک دەچەوسێنرێنەوە لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەوا تاکە شێوازی ڕێگەپێدراو بۆ هێنانەگۆی کێشەکانیان لەڕێی گەڕانەوەیە بۆ شووناس کلتوورییەکەیان، نەک خستنەڕووی ئەوەی سەر بە چینێکی دیارییکراوی ڕەنجبەر و کرێکار  بۆیە ئەمەیان بەسەردا دێت. چەمکی بەش-ی-نا-بەش‌ـی ڕانسیەر، یان پرۆلیتاریا لە چەمکسازییە کلاسییکییەکەی مارکسیزمدا دەرچەیەکە بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە، بەوەی کە تاکە چینە کە پێداگیری لەسەر شوناسەکەی ناکات بەڵکوو دەیەوێت تێیپەڕێنێت، دەیەوێت شوناسەکەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لەڕێی ئەم هەڵوەشانەوەیەوە کۆی ئەو نێو-پەیوەندییە هەڵبوەشێنێتەوە کە وایکردووە ئەم وەک پرۆلیتاریا شوناس وەربگرێت. خەباتی ڕزگاری ژنان و فێمێنیزمیش دەکرێت هەمان ئەم لۆژیکی خەباتی چینایەتی بەسەردا جێبەجێبکرێت، بەهۆی ئەوەی کە نایەوێت وەک ژن قبووڵبکرێت و دانیپیادابنرێت، بەڵکوو کۆی ئەو نێو-پەیوەندیی و چەوسانەوەیە هەڵبوەشینێتەوە کە ئەمی وەک ژن خستۆتەوە ئەو پێگەیەوە.

 بەمجۆرە، "پۆستمۆدێرنیزم‌ لۆژیکی کولتووری سەرمایەداری"یە و لێکەوتەکەی بریتییە لە نادیدەگرتنی کۆیەتی سیستەمەکە و خۆبەدەستەوەدان  و تەسلیم بوو و داننان بەوەی سیستەم (ـی سەرمایەداری) براوەیە، و لە ئەنجامدا لە جیاتی ئەوە سەرقاڵی خۆیخەریکردن و  ڕۆچوونە لەناو بەشەکیبووندا، ئەویش واتا لەو ڕووەوە کە هەندێک ئاکتی سەرپێچی (Transgression) و ملنەدان و بەرەنگاری لە هەندێک ئاستی دیاریکراو و لۆکاڵدا بنوێین. بەمشێوەیە، لە دواجاردا، زۆرێک لەو کردە و ئاکتانەی کە دەکرێت ڕەگێکی یاخی و سەرپێچێکەریان تیادا بەدیدەکرێت، هیچ نەبن جگە لە درێژەدان بە کۆی دۆخەکە خۆی، چونکە کۆیەتی سیستەمەکەیان وەک خۆی وەرنەگرتووە. جووڵانەوەی خوێندکارانی ٦٨ فەرەنسا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەمە بوو، بەشی هەرە زۆری داواکارییەکانی خۆپیشاندەران توانرا لە ڕێی سیستەمەکە خۆیە ناواخن بخرێتەوە لەخۆیدا، و سیستەم بیخاتەوە ناو لۆژیکی خۆی و درێژەی بە خۆی بداتەوە سەر لەنوێ.



[1] Class struggle or Post-modernism, in Contingency, Hegemony, Universality, p. 93-4, Zizek & others, Verso, 2000.

[2] ibid.

[3] Ibid, p.95.

[4] گەڕانەوەی چەپێنراو، چەمکێکی فرۆیدییە. لە شێوە سادەکەیدا ئەوە بوو، کاتێک کۆمەلێک نیشانە لە نەخۆشێکدا دەچەپێنرێت، ئەم نیشانانە لە فۆرم و شێوەی تری وەک بۆ نموونە هیستریا و هتد، دەردەکەونەوە. لە واتایەکی تردا گەڕانەوەی ئەو ئارەزووە چەپێنراو و خیانەتلێکراوانەیە کە وەدەرنراون و خراونەتە لاوە بۆ ئەوەی فەنتازیای بنەڕەتی ژیانێکی ئاسایی ڕابگرن، گەڕانەوەیان ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە گەڕانەوەی هەقیقەتێک کە دەیەوێت بێتەوە.

[5] Zizek, In Defence of the Lost Causes, p.219, Verso, 2008.

[6] Class struggle or Post-modernism, in Contingency, Hegemony, Universality, p. 9٥, Zizek & others, Verso, 2000.


پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر