هەردی دولبەر
گەر کۆمەڵگە وەک هەبوونێک چاو لێبکەین ئەوا گەنجان ڕۆحی ئەو هەبوونە پێک دێنن!
دەکرێت لە ڕوانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بکەوینە نێو باسەکەمانەوە، بە هۆکاری ئەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ئەو توانایەیان هەیە کە خاوەن سیمایەکی بنکۆڵکاریان هەبێت، بە مەرجێک لەم پرسەدا فەلسەفەی دیالێکتیکی گشتگیر و تایبەتمەندی لە دەست نەدەن. لەم پرسەدا گرنگەدا پێویستە نەکەوینە نێو ئەو هەڵە لۆژیکییەوە کە پێمان وابێت فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا دەستیان بە ڕاستینەی پرسەکە گەیشتووە. پەو پێیەی بەشێکی بەرچاو لە فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا زانستی کۆمەڵناسی، وەک توخمیکی بنچینەی لە پڕۆسەی بە عەقڵانیکردن و بوونیاتنانەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەزانن، بۆیە توانستی کۆمەڵناسی بۆ ئاشکراکردن و شیکردنەوەی ڕاستینەی کۆمەڵایەتی لە پانتایی مێژوویی خۆیدا قەتیسکردووە و لە ژینگە ڕۆژئاوایەکەیدا، ئەمەش گوزارشت لە ڕێبازێکی تووندڕەو سوبژێکتیڤیستیی یۆرۆسەنتەری دەکات. ئەنتۆنیۆ گیدنز لە دیارترین ئەو فەیلەسوفانەیە کە "زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە توخمە دامەزرێنەرەکانی مۆدێرنیتە دەزانێت". بۆیە ئەم جۆرە ڕوانین و ڕێبازە بۆ هەموو زانستە کۆمەڵایەتییە ئەوروپییەکان کاریگەرە. ئەمەش دەتوانین بە قەتیسکردنی کۆمەڵناسی لە سنوورە هەژموونگەرییە لیبراڵەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداریدا ناوببرێت.
لێرەوە دەرگیری ئەو وەڵامە دەبین کە هۆکاری ئەو ڕاستییە چییە، کە مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە ڕوانگەیەکی ڕەها و تاکایەتی و ڕێگەی "تایبەتمەندییەکان"ی فەیلەسوفانیەوە دەیخاتە ڕوو، نیشانەی سەرەکی ژەهراویبوونی پێکهاتەیی سیستەمەکەیە. و ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارەیە، کە بۆچی عەقڵی ڕۆشنگەری دوای ٥٠٠ ساڵ تەنانەت نەیتوانیوە ئەوروپا چ جای بگات بە جیهان ڕۆشنبیر بکاتەوە. هۆکاری ئەوەیە شۆڕشی ڕۆشنگەری ڕۆژئاوا لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە نەیتوانی خۆی لە تاریکی دۆگما هەژموونگەراییەکانی وەک تاکایەتی و تایبەتمەندی و ڕەهابوون ڕزگاری بێت!
لە خۆڕا نییە کەسێکی وەک نیچە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنەی قۆناغی ڕۆشنگەری دەگرێت. نیچە ڕوانگەیەکی بەوجۆرەی هەبوو لە بەرانبەر ئامڕازەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە جگە لێدان لە ڕۆح و مێشکی مرۆڤ بۆ گرگنکردنی مرۆڤ بۆ ئاستی "مەڕ" هیچ ڕۆڵێکی نەبووە و هەر بۆیە پێویستە ئەم سەردەمە و مرۆڤەکانی تێپەڕێنرێت. لێرەوە بیرۆکەی بەرزەمرۆڤ دادەڕێژێت. لەپێناو تێکشکاندنی هەموو ئەو بتە تازانەی کە سیستەم خولقاندونی لە نموونەی هەژموونی "دەوڵەت و ناسیۆنالیزم". نیچە لەبەرانبەر دەوڵەتدا ڕوانگەیەکی بەو جۆرەی هەبوو کە "ئەرەک و ئامانجی لە پێشینەی دەوڵەت ئەوەیە کە پەرە بە دامەزراوەیکردنی بێئەخلاقیی دەدات لەنێو کۆمەڵگەدا!"
لێرەوە گەر دەوڵەت وەک ناوەندی چڕبوونەوەی دەسەڵات چاو لێبکەین دەتوانین بڵێین، کە دەسەڵات ئەو نەخۆشییە کوشندەیە کە بەربۆتە کۆی بەها ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگە و تا بە ئەمڕۆ ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکراوە! جەستەی دەسەڵات لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لەسەر لێدان لە ڕۆح و مێشکی گەنجان خۆی فراوان و بەهێز دەکات! دەستبەسەرداگرتنی گەنج لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتەوە بەواتای کوشتن و نابووتکردنی کۆمەڵگە و خراپکردنی دێت! بەهۆکاری ئەوەی هەموو لادان و خراپەکارێکی مرۆڤ-کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئامڕازەکانی دەسەڵاتەوە سەرپێ دەخرێن! بۆ ئەوەی لەو حەقیقەتە تێبگەین کە بۆچی هێندە لادان و خراپەکاری فراوان بووە، ئەوا پێویستە لەو ڕۆحە خراپەکارییە تێبگەین کە خۆی بە خاوەن کۆمەڵگە دادەنێت، تاوەکوو نەکەوینە نێو هەمان هەڵەی لۆژیکی فەیلەسوفانەوە. لە ئەفلاتوونەوە تا بە فەیلەسوفانی مۆدێرنەوە و پۆستمۆدێرنەش بە چەپ و ڕاستیانەوە ڕوانگەیەکی وایان هەیە، گەر دەسەڵات لە دەستی "حوکمڕانی باش"دا بێت، خراپەکاری کۆتایی دێت و تەنانەت "دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەسەڵات دەکەوێتە دەستی خەڵک" و، بەم شێوەیە سیستەمی تووندوتیژی و داگیرکردنکردن کۆتایی دێت. بەڵام هۆکاری بوونی حکومەت خراپەکاری/داگیرکردنکردنە. بە واتایەکی تر بوونی کێشەدارە. بۆیە "حکومەتی باش" نییە و ناکرێت. لەو شوێنانەی کە خەڵک میکانیزمی خۆبەڕێوەبەری نییە، دەسەڵات لە دەستی ئەو کەسانەدایە کە بەناوی خەڵکەوە ئیدارەیان دەکەن.
بەبێ ناسینی زیهنی دەسەڵات ئەستەمە لەو دەیان چوارچێوانە تێبگەین کە بۆ کۆمەڵگە و تاک دامەزرێنراون. بە واتایەکی تر دەوڵەت وەک بوارێکی هاوپەیمانی کە لەلایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دیاری دەکرێت کە داگیرکردن لەسەر کۆمەڵگە بە چالاکترین شێوە ئەنجام دەدرێت، شێوەی خۆی دەگرێت. ئەگەر ئەم هاوپەیمانێتییه لەسەرەتاوه بوونی نەبووایه، نه پیاوی بەئەزموونی پیر لەسەر خۆی ببێته دەسەڵاتێکی سیاسی و نه پیاوی ڕاوچی دەیتوانی ببێته فەرماندەیەکی سەربازی و نه شامانیش دەیتوانی ببێته قەشەیەکی خوڵقێنەری ئایینی که دەبێت کۆمەڵگە بەپێی دەسەڵات بەبێ پشتیوانی ئەم دووانە دابڕێژن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە سەرەتای دروستبوونیەوە، دەوڵەت وەک ناوچەیەکی هاوپەیمانی لە قاڵب دراوە کە لە لایەن سێگمێنتەکانەوە پێکهاتووە کە ئامانجیان دەسەڵاتێکە بەسەر کۆمەڵگەدا و لە ڕێگەی ئەمەوە سوودی چینایەتی یان تاکەکەسی بەدەست بهێنرێت. لەم ڕووەوە لە کاتێکدا دەوڵەت وەک ناوچەی هاوپەیمانی هەموو جۆرە قۆرخکارییەکی دەسەڵات هاتە ناو مێژووەوە؛ لە لایەکی ترەوە بە تێپەڕبوونی کات، بۆتە قۆرخکاریش. لەم ڕووەوە دەوڵەت وەک ئەو ناوچەیەی کە دەسەڵاتی تێدا قۆرخ دەکرێت، بووەتە بنەڕەتیترین ناوەندی قۆرخکاری.
بۆ تێکشکاندنی ئەڵقەکانی دەسەڵات لەبەرانبەر کۆمەڵگەدا پێویستە گەنجان ببنە هەوێنی ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی. بە پێناسەی فۆکۆ "دەسەڵات بریتییە لە پەیوەندیی هێزەکان". لێرەوە دەرگا لەسەر پڕەنسیپە بنچینەییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەخرێتە سەر پشت. لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی ئەو پرسە دەبینەوە گەر دەسەڵات لە یەکێتیەکی هێز پێکهاتبێت، لەدەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگە کەواتە دەبێت کۆمەڵگە سیستەمی خۆی لەسەر بنگەی دیموکراسی ئاوا بکات، تاوەکوو بتوانێت بەها و پیرۆزییەکانی خۆی گەشە پێبدات. ئەمەش پێویستی بە شۆڕشێکی ئەخلاقی و زیهنی هەیە کە گەنجان داینەمۆی بن. چونکە ئەخلاق هەوێنی ئاواکردنی ڕۆحی تاک و کۆمەڵگەی ئازاد پێک دێنێت. دەبێت گەنجان ئەو حەقیقەتە بزانن کە بەبێ شۆڕشێکی ئەخلاقی و زیهنی هەڵسەنگاندن و شرۆڤە و تێگەیشتن لەو کولتووری تووندوتیژییەی کە بەرۆکی مرۆڤایەتی و بەتایبەت جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە ئەستەم دەبێت. لە خۆڕانییە کە لەمڕۆدا دەبینین هیچ خانە و دەزگایەکی کۆمەڵایەتی نەماوە لەسەرپێ کە نەبووبێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی توندووتیژی.
ڕۆحی گەنجان دەتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەو هەموو شەڕە سەرتاپاگیریەی دەسەڵات لە کەسێتی گەنجدا کە دژ بە کۆمەڵگە دەیکات. دەبێت لەنێو سیستەمی دیموکراتیدا هەر تاکێک دەبێت وەک سوژەیەک خاوەن ئیرادەی ئازاد بێت و بەشداری کارای لە گەشەکردن و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەدا هەبێت. سەرپێخستنی ئەمەش پێویستی بە زەمینەسازی و تێکۆشانێکی ڕۆشنگەری فراوان هەیە، تاوەکو ببێتە شێوە ژیانێکی کرداری، بەهۆکاری ئەوەی تەڵسگەکانی دەسەڵات فراوان و هەمەجۆرن بۆ دیلکردن و نامۆکردنی تاکی کۆمەڵگە بەتایبەت چینی گەنجان کە هەڵگری ڕۆحی بزوێنەر و ئایندەی هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەکن. بۆیە گەنجان بە درێژایی مێژوو ئەو چینەی کۆمەڵگەن کە لەلایەن سیستمی دەسەڵاتەوە زۆرترین و فراوانترین دژایەتی دەکرێن، بەجۆرێک ڕاستینەی لە قاڵبدان و دیلکردنی گەنجان بە شێوازێکی ستەمکارانە لە سەرەوە بۆ خوارەوە کە ئامێرێکی زۆرەملێی دەسەڵاتە بە درێژایی هەزاران ساڵ، لە هەمبەر ڕۆڵ و وزەی گەنجاندا هەندێک جار فشار و هێز بەکاردەهێنێت، هەندێکجاریش لە ڕێگەی پێشخستن و ڕۆحیەتی وابەستەی گەنجان بە سیستەمەوە دەبەستێتەوە. دەبێت گەنجان زۆر باش درک بەو حەقیقەتە بکەن و بزانن ئەوە بەڕێکەوت نییە کە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەسەڵات زۆرترین خواستی ئەوەی هەیە کە پەیوەندی لەنێو گەنجاندا درووست بکات. بەهۆکاری ئەوەی لە چاوی دەسەڵاتەوە گەنجان هەمیشە وەک یەدەگی سیستمەکەی سەیرکراون.
گەر ئەزموونی سەد ساڵەی کۆمەڵگەی باشووری کۆردستان چاو لێبکەین باشت لەم ڕاستییە تێدەگەین. گەنجان هەوێنی گۆڕانکاری بزوێنەری هەر کۆمەڵگەیەکن، ئەو دۆخە مەنگەی لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانی "کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و..." دەبینرێت گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکات لە کۆمەڵگەی باشووردا چەندە لە ڕۆح و مێشکی گەنجان دراوە! بۆ ئەوەی لە سۆسیۆلۆژیای گەنجی ئێمە تێبگەین پێویستە لەو سیستەمە پەروەردەییە تێبگەین کە لەنێو خێزان و قۆناغەکانی خوێندندا بەری دەکەوێت و تاکی ئێمەی پێ گۆش دەکرێت! دەبینین لەمڕۆدا شەڕێکی تایبەتی فراوان لە دژی گەنجان بەڕێوە دەبرێت هەم لەنێو خێزانەکان و کۆمەڵگە و یەکەکانی دەسەڵاتدا، واتە ئەم سێ ناوەندە تا ئاستێکی ترسناک بوونەتە یەکەیەکی ترسناک لەسەر هەبوونی ئیرادەی گەنجان گەرچی هۆشیارێکی خێزانەکان و کۆمەڵگەش لەم تەواوکارییە نەبێت! دەسەڵات کە خاوەن لەشکرێک لە ڕۆشنبیری لۆمپەنە دەزانێت گەر بەر بە دەسگیرکردنی وزەی گەنجان نەگرێت، لە هەر ئانێکدا دەکرێت گەنجان ببنە مەترسێکی گەورە بۆی دواتر. داخستنی دەرگاکانی گۆڕەپانی "سیاسەت، کوولتور ئابووری..." بەڕووی گەنجاندا گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکات کە هەر سیستەمێکی دەسەڵاتداری ترسێکی فراوانی لەوە هەیە کە چۆن خۆی لەو ڕۆحەیەتە یاخییەی گەنجان بگرێت تاوەکو ئەوەی کە بەرەو خۆناسی ئیرادەی ئازادانەی نەبێتەوە! لەێرەوە دەکرێت باشت لەو مێژووەی دەسەڵات تێبگەین کە لە دەوڵەت شارەکانی ئورەوە، چۆن لەپێناو بە کۆیلەکردنی ژنان شەرمیان لە بەکارهێنانی هیچ جۆرە ئامڕازێکی تووندوتیژی نەکردۆتەوە، گەنجان لە پلەی دووەمی ئەو چینەی کۆمەڵگەوە دێت کە زۆرترین گرەویان لەسەر کراوە کە چۆن لەڕێگەی ئامڕازی پەروەردەی دەسەڵاتەوە بکرێنە هەبوونێکی پاسش و خۆراکی چینی فەرمانڕەوا.
لە باشووری کوردستاندا ئەوەی کە وەک دەسەڵات دەبینرێت و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی، خۆی ڕێکخستووە سیستەمی ئیدارەدانی گەنجانی بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش ڕێکخستووە، لەمڕۆدا دەسەڵات دەستی بە قۆناغی دووەمی ستراتیژی خۆی دژ بە گەنجان دەستپێکردووە. دەبینین لەم باشوورەدا پارتە سیاسییە بەژەوەندخوازەکان چۆن گەمە بە هەست و عەقڵی گەنجان دەکەن، چۆن سەرقاڵی کڕینی ڕۆح و مێشکی گەنجانن بە هەر نرخێک بێت! چۆن هیوا و ئایندەی کۆمەڵگەیەک لە ناوەندەکانی وەک "سەنتەری کات بەسەربردن، کافێ، کەمپی زانکۆ، یاریگا، پارک، نەخۆشخانە، باڵەخانە بەرزەکان، شانۆ، هۆڵی سینەما..." کە بوونی ئەم شوێنانە دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەکردنی مەعریفە و پەروەردەکردنی ڕۆحیەتی مرۆیی و نەتەوەدا ببین، بەڵام وەک دەبینرێت کراونەتە ناوەندەێک بۆ دروستکردنی تایپێک لە گەنجی بێمۆڕاڵ و نەزان "جەهل" و بەکاربەر. گرنگە باش لەم ڕەوشە تێبگەین لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، کاتێک دەڵێین یەکەی خێزان و کۆمەڵگە بەداخەوە بوونەتە خانەیەکی دەسەڵات لە خۆڕا نییە! وەک چۆن قەشە سەرەتاییەکان بە فرتوو و فێڵەکانیان سەرقاڵی پاسفکردنی گەنجان بوون، وەک ئەرکێکی ڕاستەقینەی خۆیانیان دەبینی بۆ پادشاکانیان، لەمڕۆشدا لێشاوێک لە ڕۆشنبیری دەربار و مامۆستای زانکۆ، بە هەمان ئامڕازی کەمێک گۆڕاوەوە بەردەوامن، لە نابووتکردنی گەنجان بەبێ ئەوەی هیچ لە خێرایی و گرنگی ئەم نابووتکردنەی گەنجان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران کەم بکەنەوە! ڕاهیبەکانی دوێنێ مامۆستاکانی زانکۆی ئەمڕۆن. ئەوەی گۆڕاوە تەنیا فۆرمەکەیە جیاوازە، وەگەرنا جەوهەرەکە هەمان جەوهەرە. دەوڵەت بە هەموو دڕندەییەکانیەوە چالاکە... بۆ شارەکانی کوردستان بە ڕوونتر ئەمە دەتوانین بڵێین. ئینتەرنێت کافێ و کەمپەکانی زانکۆ و ناوەندەکانی کات بەسەربردن کە وەک قارچک سەرهەڵدەدەن، واقیعێکی شارەکانن.
ڕۆژانە ئێمە دەبینین کە ژمارەی ڕێکخراوە بەناو مەدەنییەکان، سەنتەرەکانی گەنجان، ناوەندەکانی پاراستنی ماڤەکانی ژنان، دەیان ناوەندی بیستراو، بینرا و چاپەمەنی لەژێر ناوی گەشەپێدانی مرۆیی وەک قاچک لەم هەرێمەی ئێمەدا هەڵ دەتۆقن، بەڵام تادێت سەرپاکی کۆمەڵگە زیاتر ڕووبەڕووی هەڵدێر و نابووت بوون و نامۆبوون بە حەقیقەتی خۆی دەبێتەوە، گرنگە لەم هاوکێشە تێبگەین کە بۆ وایە؟ ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە لەم گەوجاندنەی گەنجانی ئێمە چییە؟ کردنەوەی ئەو هەموو خوێندنگە تایبەتانەی لەژێر دەیان ناوی جیاوازدا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەرقاڵی چین؟ ئەم ناوەندانە چ جۆرە تاکێک پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکەن؟ ئایە ئێمە دەرگیری گەنجێک دەبین لەنێو ئەم زەلکاوەی باشوورەدا کە هەڵگری ناسنامەی گەنجانەی خۆی بێت؟ لێرەوە دەرگا لەسەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسانە دەکەینەوە.
گەر ڕاشکاوبین دەبێت بەیانی ئەو ڕاستییە بکەین کە لەنێو ئەو بازاڕەدا گەنجان دەبنە خاوەن هەر بوونێک جگە لە ناسنامە و حەقیقەتی ڕۆحی گەنجانەی خۆیان! لێرەوە کاتێک بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر چاوێک لەو مێژووە دەکەین بەڕوونی درک بەوە دەکرێت گەنجبوون گوزارشت لە حەقیقەتی کۆمەڵایەتی دەکات نەک دەرکەوتێکی جەستەیی! مەبەستمان لەوەی کە گەنجان وەک دەرکەوتێکی کۆمەڵایەتی دەتوانن ببنە ئاوێنەی ڕاستینەی خۆیان ئەوەیە کە گەنجان لەڕووی پەروەردەی ڕۆحی و زیهنییەوە، پێویستە ببە خاوەن ڕوانگەیەکی گەنجانەی خۆیان. لێرەوە گەر گەنجبوون وەک هەبوونیکی کۆمەڵایەتی بگرینەدەست، ئەوا ئەو هەبوونە پێویستی بەوەیە کە بەبێتە خاوەن سیستەمێکی "باوەڕی، فکری، ئەخلاقی، سیاسی، ئەشق..." بەبێ دەستڕاگەیشتن بەم حەقیقەتە گەنجان لەو تەڵزگانەی دەسەڵات ڕزگاری نابێت کە هەردەم لەسەر جەستەیان هەژموونی خۆی فراوان دەکات. لەخۆڕانییە هەردەم گەنجان ئەو چینەی کۆمەڵگەن کە لە شەڕەکاندا دەبێتە سوتماک و هەموو شێوازەکانی ئازاردان، ڕاوەدوونا و کوشتنیان لەسەر ڕەوا دەبینرێت! بۆ ئەوەی گەنجان لەو دۆزەخەی دەسەڵات ڕزگاری بێت و لە بوونێکی پاسیف و بێ ڕۆڵی نێو کۆمەڵگە ڕزگاری بێت کە خاڵیکراوەتەوە لە ئەشقی ژیان و ئامانجەکانی، بەجۆرێک گەنجان وەک هەبوونێک چاو لێدەکرێن کە نە خاوەن دیرۆکن و نە هیچ ئاییندەیەکیشیان هەیە! گەنجان لەمڕۆدا ڕووبەڕووی دوو فایرۆزی کوشندەی ترسناک کراونەتەوە لەلایەن سیستەمەوە کە ئەوانیش بریتین لە "نەتەوەگەرایی و فایرۆزی لیبڕاڵیزم". دەبینین لە تەواوی دوونیادا چۆن سیستەم توانی تا ئەندازەیەکی ترسناک گەنجان بکاتە قوربانی مەرام و ئامانجەکانی خۆی و بەو جۆرەش دەست بەسەر کۆمەڵگەکاندا بگرێت.
دەبێت لە هۆکاری دژایەتی فراوانی دەسەڵات دژ بە گەنجان تێبگەین کە بۆ ئەو حەقیقەتە دەگەڕێتەوە کە گەنجان خاوەن بە سروشتی خۆیان زۆر کۆمەڵایەتین، بەجۆرێک بە باوەڕیەوە گەنجان چاویان لە ئایندەیە و هەردەم پردێک بوون لەناوبەری دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێکی ئازادتردا.
دەرئەنجام
گەر حەقیقەتی دەسەڵات لە سیانەی "تووندوتیژی، فرتووفێڵ و داگیرکاری" پێکهاتبێت، تەواو نامۆدەبێت لە ڕاستینەی ژیانێکی ئازادانە و ڕۆحیەتێکی گەنجانە. تێنەگەیشتنی بەشێکی فراوانی فەیلەسوفان و بیریارانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هێندەی تر هێزیان داوەتە دەسەڵاتداران و سەدان هیوای بێ بنەمان بۆ باشتر کردنی ژیان لەسەر هەڵجنیوە، لە دیارترینیان ئەفلاتوون و هیگڵ... سەدان فەیلەسوفی دی، وەختێک هیگڵ ناپلیۆنی داگیرکەر وەک ڕۆحی پیرۆزی خوداوەند دەبینێت لەو دۆگمابوونەوە سەرچاوە دەگرێت کە سیستەمی ددەسەڵات-دەوڵەت بەرهەمی دێنێت. دیرۆکی خوێناوی پێنج هەزار ساڵەی دەسەڵات کە هەموو پنتەکانی ژیانی داگیر و نابووتکردووە گوزارشت لەو حەقیقەتەی سیانەی "تووندوتیژی، فرتووفێڵ و داگیرکاری"یە دەکاتەوە کە هیچ جۆرە میکیاژێکی بەناو دیموکراسی-دەوڵەت ناتوانێت بیشارێتەوە یاخود جوانی بکات؛ هەروەک ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت: "بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت"!
سیستەمی دەسەڵاتگەرایی گوزارشت لە ڕۆحیەت و ڕوانگەیەکی پیرانە بە چەمکە کلاسیکەکەی دەکات. لەم سیاقەدا "پیر" بەواتای لاوازی زیهنی دێت کە توانایی ئەوەی نییە یان ناخوازێت لەو چەقبەستوویەی خۆی ڕزگاربکات. گەر سیستەمی دەسەڵات وەک هەڵگری لاوازی چاو لێبکەی ئەوا دەبێت گەنج بوون وەک سیستەمی دیموکراسی کۆمەڵگە چاو لێبکەین. هەر پێکهاتەیەکی سیستەماتیک لە چوارینەی "لۆژیک، چەمک، بیرکردنەوە و میتۆد" پێکدێت. ئەوا تاکی دەسەڵاتدار هەڵگری عەقڵیەتێکی "شەڕانگەێز، داگیرکار، دژە ئازادی، دژەژن، دژەژینگە، دژەیەکسانی، دژەئەخلاق و تەڵەکەباز" دەبێت. هەرچی کارەکتەری دیموکراتخوازە دەبێت هەڵگری عەقڵیەتێکی "ئەخلاقی، یەکسانیخواز، ئازادیخواز، ژینگەدۆست و ڕۆحیەتێکی پێکەوە ژیان بێت..." بۆ سەرپێخستنی کۆمەڵگەیەکی بەم ڕەنگە کە گەنجان پێشنگایەتی دەکەن پێویستیەکی بە "عەقڵیەتێکی ئەخلاقی، عەقڵیەتی دیموکراتخواز، کارەکتەرێکی دیموکراتخواز، دامەزراوەیەکی دیموکراتخواز و کاروچالاکی دیموکراتخوازنـ"ـە هەیە! لێرەوە هەموو ئەو پێناسە باوانەی کە بەگوێرەی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری کراون بۆ "ئەخلاق، سیاسەت، دیموکراسی، پەروەردە، کۆمەڵگە، خێزان، هاوژیان، دەوڵەت و خێزان..." لێرەوە دەرگا بەڕووی جۆرێکی دی لە ژیان دەکرێتەوە بە ڕۆحیەت و عەقڵیەتێکی گەنجانەوە کە ڕوو بە ژیانێکی ئاشقانەیە، بەوپێیەی گەنجان بڕبڕەی پێکهێنەری نەتەوەی ئازاد و دیموکراتن.
گەنجان بەهۆکاری ئەو وزە و ڕۆحیەتە ژیاندۆستەیانەوە لێوان لێون لە هەستی سۆزداری. پێویستە گەنجان خۆیان و کۆمەڵگە و ژینگە لەو قاڵبە باوان دەربازبکەن و نەخشی خۆیان لە کۆمەڵگە بدەن. ئەمەش بە ڕۆحیەتێکی شۆڕشگێڕی دەکرێت، پێویستە گەنجان خاوەن ڕۆحیەتی شۆڕش بن، دەبێت گەنجان هۆشیارییە بن لەبەرانبەر هەموو ئەو ڕوانگە چەواشەکارانەی سیستم کە بۆ چەمکی شۆڕش کراون و دەکرێن.
دەبێت گەنجان بزانن شۆڕش پرسێکی ژیانییە کە هێندەی ئاو نان و هەوا پێویستە. مەبەستمان لە شۆڕش ئەو پڕۆسەیە کە بە ڕێڕەوی زیهنیدا دەرباز دەبێت و دواتر وەردەچەرخێت بۆ کردار. گەنجان ناچارن بە ڕۆحیەتێکی ئازادەوە پەرە بە کولتووری شۆڕشگێڕی بدەن دژ بەو هەوڵە سەراپاگیرانەی دەسەڵات لە پێناو کۆیلەکردن و دوورخستنەوەیان لە ڕۆڵی خۆیان، بەوپێیەی گەنجان خاوەن ڕۆحی شل و ئازادن. کاتێک سەرکەوتوو دەبن لە پڕۆسەی کۆمەڵایەتیبوون، هیچ شتێک ناتوانێت لە ڕێگەیاندا بوەستێت. سیستمی دەسەڵات بە هۆی ئەم ترسەیەوە گەنجان ڕووبەڕووی کونجی زیندانەکان دەکاتەوە و، لەڕێگەی ناوەندەکانی ئاسیمیلاسیۆنەوە دەخوازێت ئەوان تووشی هەموو جۆرە ژینۆسایدێکی جەستەیی و کولتووری بکاتەوە.
ڕۆڵی گەنجان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەی ئەخلاقی و سیاسیدا دیاریکەرە. هەر سیستەمێکی "سیاسی و کۆمەڵایەتی" پشت بە گەنجان نەبەستێت لە بنیاتنانی دیموکراسیدا چانسی سەرکەوتنی نابێت! بە هۆکاری ئەو ڕاستییەی کە گەنجان ناسنامە و ئایندەی هەر کۆمەڵگەیەک دیاری دەکەن.