سلاڤۆی ژیژەک
و، دێرسیم فایەق
...لە سەردەمێکی وەها کزوماتدا، ئاماژەکانی هیوا لە ھەر کاتێک زیاتر بەنرخترن. یەکێک لەم ڕووداوانە بڕیاری بەکۆمەڵی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) بوو لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥دا بۆ شوێنکەوتنی ڕێنماییەکانی سەرکردەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان (کە بۆ زیاتر لە دوو دەیە زیندانی کراوە)، بۆ پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕێکخراوەکەوە.[1] پەکەکە ڕێکخراوێکی سیاسیی چەکدار و گرووپێکی گەریلاییە کە بنکە سەرەکییەکەی لە ناوچە شاخاوییە زۆرینە کوردەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا، باکووری عێراق و باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریایە. لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزراوە و بەشدار بووە لە جەنگێکی ناهاوسەنگی ململانێی کورد و تورکیادا (لەگەڵ چەندین ئاگربەست لە ساڵانی ١٩٩٣دا و هەروەها نێوان ٢٠١٣-٢٠١٥دا). ئەگەرچی پەکەکە لە سەرەتادا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەدا، بەڵام لە نۆدەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیڕەوی فەرمیی خۆی گۆڕی بۆ داواکردنی ئۆتۆنۆمی و زیادکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە ناوخۆی تورکیادا. پەکەکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، نەک تەنها لە چارەسەری ئاشتییانە نزیکتربووەوە، بەڵکو هەروە ئۆجەلان خۆیشی، لە ڕێگەی خوێندنەوەی لە زینداندا، چووە ناو تێڕامانی قووڵەوە لە بابەتەکانی وەک فێمینیزم و پرسە فەلسەفییەکان. بە کورتی، پەکەکە بووە بزووتنەوەیەک کە بە تەواوەتی بەشێک بوو لە چەپی هاوچەرخ.
کاریگەرییەکانی ئەم ئاراستەگۆڕینە نوێیە لە نێوان ئەو کوردانەشدا هەستی پێکرا کە لە دەرەوەی تورکیا دەژیان. ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٢ـی ئێران– ئەوەی پێی دەوترێت خۆپیشاندانەکانی مەهسا ئامینی – گرنگییەکی جیهانی-مێژوویی هەبوو. خۆپیشاندانەکان، کە بە دەیان شاردا تەشەنەیان کرد، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران دەستیان پێکرد، وەک پەرچەکردارێک بۆ گیانلەدەستدانی ئامینی، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد، کە لەکاتی دەستبەسەری پۆلیسدا گیانی لەدەستدا. ناووبراو لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە (کە بە ‘پۆلیسی ڕەوشت’ی ئیسلامی ناسراوە) تا مردن لێی درابوو، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پۆشینی حیجابی ‘نەشیاو’ دەستگیرکرابوو. خۆپیشاندانەکان خەباتە جیاوازەکانیان (وەک خەباتی دژی چەوسانەوەی ژنان، چەوسانەوەی ئایینی، و ئازادیی سیاسی دژی تیرۆری دەوڵەت) لەناو یەکگرتووییەکی ئۆرگانیکدا کۆکردەوە. ئێران لە ڕووی کولتوورییەوە لە ‘رۆژئاوای پێشکەوتوو’ جیاوازە، بۆیە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ (دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکان) زۆر جیاوازتر بوو لە بزووتنەوەی ‘Me Too’ لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. خۆپیشاندانەکانی ئێران ملیۆنان ژنی ئاسایییان هێنایە سەر شەقام و ڕاستەوخۆ بەستراوەی خەباتی هەموانەوە بوو، لەنێویشیاندا پیاوانیش – هیچ ئاراستەیەکی دژە-پیاوانەی تێدا بەدی نەدەکرا، وەک ئەوەی لە فێمینیزمی ڕۆژئاواییدا دەبینرێت. ژنان و پیاوان پێکەوە ڕووبەڕووی دوژمنی هاوبەشی پەڕگیریی ئایینی بوونەوە، کە تیرۆری دەوڵەت پشتیوانی دەکرد. ئەو پیاوانەی بەشدارییان لە ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا دەکرد دەیانزانی کە خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە هەمان کاتدا خەباتە بۆ ئازادیی خۆشیان. خۆپیشاندەرانی نا-کوردیش ئاگاداری ئەوە بوون کە چەوسانەوەی کورد ئازادیی خۆشیانی سنووردار کردووە – هاوپشتی لەگەڵ کورددا تاقە ڕێگایە بەرەو ئازادی لە ئێراندا. بەمجۆرە، خۆپیشاندانەکانی ئێران ئەوەیان هێنایە دی کە چەپڕەوە ڕۆژئاواییەکان تەنها خەونیان پێوەدەببینی. ئەوان لە ڕێگەی دانپێدانان بەوەی کە خەبات بۆ ئازادیی ژنان لە هەمان کاتدا خەباتی هەموو گەلە دژ بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و پەڕگیریی ئایینی و تیرۆری دەوڵەت، لە هەندێک لە تەڵە و داوەکانی فێمینیزمی چینی-ناوەڕاستی ڕۆژئاوایی ڕزگاریان بوو.
کەواتە چی دەربارەی ئەو سەرکۆنەیەی کە پەکەکە خۆشی وەک بریکارێکی خەباتی توندوتیژانە دەستی پێکرد؟ پەکەکە تەنها ڕێسای گشتیی بەرەنگاری جێبەجێ کرد: ئەگەر کەسێک بیوێت بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، دەبێت لە سەرەتاوە بە هەڕەشەی بەرەنگاری توندوتیژانە دەست پێبکات. کاتێک دانوستانێکی ئاشتییانە بەسەر بەرگریی چەکداریدا زال دەبێت، ئەو ئاسەواری بەرگرییە چەکدارییەکە لە ئەنجامەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. ئێمە دوو دانوستانی سەرکەوتوو بەرزدەنرخێنن– هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆنگرەیی نەتەوەیی ئەفریقا (ANC) لە ئەفریقای باشوور و خۆپیشاندانە ئاشتییانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێبەرایەتی مارتن لۆتەر کینگ. بەڵام، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ڕوونە کە سەرکەوتنی (ڕێژەیی) دانوستانە ئاشتییانەکان بەهۆی ئەوەوە ڕووی دا کە دەسەڵاتدارێتی لە بەرگریی توندوتیژانە دەترسا (چ لەلایەن باڵە ڕادیکاڵەکەی ئەی ئێن سییەوە بێت یان لەلایەن ئەمریکییە ڕەشپێستەکانەوە). بە کورتی، دانوستانەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا چونکە هەڕەشەیەکی بەرپێنەگیراو و داسەپاویی خەباتی چەکدارییان لەگەڵدا بوو.
جێی سەرسوڕمانە کە ئەمە لە کوردستاندا ڕوو دەدات؛ شوێنێک کە تا ئێستاش لە چاوی ڕۆژئاواییەکانەوە بە گشتی وەک مەڵبەندی شەڕی خێڵەکیی دڕندانە، دڵپاکی ساکار و هەستی شەڕەف، بەڵام هاوکات وەک شوێنی خورافات، خیانەت و جەنگی بەردەوامی دڵڕەقانە دەبینرێت – واتە بەزنیکەیی وێنە کاریکاتێیرییەکەی «ئەویتر»ـی بەربەریی شارستانیەتی ئەوروپی. ئەگەر سەیرێکی کوردی هاوچەرخ بکەین، بە بەراورد لەگەڵ ئەم وێنە کڵیشەییە، ناتوانین جگە لەسەرسام بوون و ئەبڵەقبوون هیچی تر بکەین؛ لە تورکیا، کە من ڕەوشەکەی تا ڕادەیەک باش دەزانم، تێبینی ئەوەم کردووە کە کەمینەی کورد مۆدێرنترین و سیکیۆلارترین بەشی کۆمەڵگەن، بە دوورن لە هەموو پەڕگیرییەکی ئایینی، و خاوەنی فێمینیزمێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوون... (با تەنها ئاماژە بە وردەکارییەک بکەم کە لە ئەستەمبوڵ فێر بووم: ئەو ڕێستۆرانتانەی خاوەنەکانیان کوردن، هیچ لێبوردەیییەکیان بۆ هیچ نیشانەیەکی خورافیی نییە...). لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ هەوڵیدا بە وتنی ئەوەی: «کوردەکان فریشتە نین»، پاساو بۆ خیانەتەکەی لە کورد (کاتێک چاوی پۆشی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی باکووری سوریا) بهێنێتەوە.[2] سرووشتی بێگومان وانییە، چونکە بەلای ئەوەوە تاقە فریشتەکانی ئەو ناوچەیە ئیسرائیل (بە تایبەت لە کەرتی ڕۆژئاوا) و عەرەبستانی سعودییەن (بە تایبەت لە یەمەن). بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان، کوردەکان تاقە فریشتەی ئەو بەشەی جیهانن.
چارەنووسی کورد ئەوان دەکاتە قوربانییەکی نموونەییی یارییە جیۆپۆلیتیکییە کۆلۆنیالیستیەکان: بەسەر سنووری چوار دەوڵەتی دراوسێدا (تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران) دابەش بوون، خۆبەڕێوەبەریی تەواوەتییان (کە شایستەی زیاتریشیبوون) لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نەبوو، و باجە تەواوەکەی ئەمەشیان داوە. ئایا تا ئێستاش بۆردومان و ژەهراویکردنی کوردمان بە گاز لە باکووری عێراق لەلایەن سەدامەوە لە سەدەی ڕبردوودا لە یاد ماوە؟ لەم دواییانەشدا، کاتێک داعش دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی سوریا و عێراقدا گرت، تورکیا یارییەکی سەربازی-سیاسیی باش-پلانداڕێژراوی ئەنجام دا؛ بە فەرمی شەڕی داعشی دەکرد، بەڵام لە واقیعدا بۆردومانی ئەو کوردانەی دەکرد کە بە ڕاستی شەڕی داعشیان دەکرد. جێی سەرسوڕمانیش نییە کە بەشێکی بەهێزی هێزەکانی کورد – پێشمەرگە، واتە ‘ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە’ – لە ژنان پێکهاتبوون و نازناوی ئەفسانەییان وەک نیشانەشکێن بەدەستهێنا. [3]
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لە هەلومەرجی ئەزموونی کەموێنەدا توانای کورد لە ڕێکخستنی ژیانی جڤاتی و کۆموونیاڵدا تاقی کرایەوە: لەو ساتەی بوارێکیان پێدرا لە دەرەوەی ململانێی دەوڵەتانی دەوروبەریان بە ئازادی هەناسە بدەن، جیهانیان سەرسام کرد. دوای ڕووخانی سەدام، هەرێمی کوردی لە باکووری عێراق گەشەی کرد بۆ تاقە بەشی ئارامی وڵات و خاوەن دامەزراوەی تۆکمە و گەشتی ئاسمانیی بەردەوام بەرەو ئەوروپا. لە باکووری سوریایش، قەوارەی ئۆتۆنۆمیی کوردنشین لە ناوچەی ڕۆژئاوا، نموونەیەکی بێئەندازە کەموێنە و تایبەت بوو لەناو ئاڵۆزی و پشێوییەکانی جیۆپۆلیتیکییەکانی جیهانی ئەمڕۆماندا: هەر کاتێک دەرفەتێک یان بوارێكی کاتی بە کوردەکان درابێت لەلایەن دەوڵەتە دراوسێ گەورەکانیانەوە – کە هەمیشە و بێوچان لە ژێر هەڕەشەی سەربازیی بەردەوامیان بوون – ئەوان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی و پێشکەوتوویان بنیات ناوە، بە جۆرێک کە کەس ناتوانێت بە یۆتۆپیایەکی بەکردەوە-بەدیهێنراو، و بەتەواو-کارا بەناوی نەکات. لە دیدگای خولیای ئەکادیمیی خۆمەوە، هەمیشە سەرسام بووم بەو جڤاتە ڕۆشنبیری و فکرییە زۆر زیندوانەی لە ڕۆژئاوادا پەرەی سەندبوو؛ شوێنێک کە چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی داوەتیان کردم بۆ پێشکەشکردنی زنجیرە کۆڕ و ووتاری فەلسەفی، بەڵام مەخابن، تەواوی ئەم بەرنامە و خەونە فکرییانە بە هۆی دەستپێکردنەوەی توندوتیژی و ئاڵۆزییە سەربازییە داگیرکارییەکانی ناوچەکەوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئاسەواریان بڕدرا و پەکیان کەوت.
بەڵام ئەوەی بە تایبەتی خەمباری کردم، پەرچەکرداری هەندێک لە هاوکارە ‘چەپڕەوەکانم’ بوو کە وەڕس ببوون لەوەی کوردەکان ناچار بوون بۆ پاراستنی سەربازی پشت بە ئەمریکاش ببەستن – ئەی دەبوو چی بکەن، لە کاتێکدا لەناو گرژییەکانی تورکیا و جەنگی ناوخۆی سوریا و کاولکاریی عێراق و ئێراندا گێرۆدە ببوون؟ ئایا هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەیان هەبوو؟ ئایا دەبوو خۆیان لە جێی سەکۆی قوربانیگەی هاوپشتیی دژە-ئیمپریالیستیدا بکەنە قوربانی؟
لەبەرئەمە، ئەرکی ئێمەیە بە تەواوەتی پشتیوانی لە بەرەنگاریی کورد بکەین، و یارییە پیسەکانی هێزە ڕۆژئاواییەکان بە توندی سەرکۆنە بکەین. لە کاتێکدا دەوڵەتە سەروەرەکانی دەوروبەریان وردەوردە بەرەو بەربەریەتێکی نوێ ڕۆدەچن، کورد تاقە تروسکایی هیوایە. ئەم خەباتە تەنها خەباتی کورد بۆ کورد خۆی نیە، بەڵکو هەروەها پەیوەستە بەوەش کە چ جۆرە نەزمێکی نوێی جیهانی سەرهەڵدەدات. ئەگەر کورد تەنیا بهێڵرێتەوە، ئەوا ڕادەستی نەزمێکی نوێ دەبین کە هیچ شوێنێکی تێدا نابێتەوە بۆ بەنرخترین بەشی میراتی ڕزگاریخوازی ئەوروپی. ئەگەر ئەوروپا پشتی لە کورد بکات، خیانەت لە خۆی دەکات. ئەو ئەوروپایەی خیانەت لە کورد دەکات، دەبێت ئەوروپاستانی ڕاستەقینە!
کەواتە دەبێت لەدەرئەنجامدا ئەوە بوترێت، کەعەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ شتێکی کەمتر نییە لە نێڵسۆن ماندێلایەکی کوردی: پێشنیازەکەی بۆ خۆ-هەڵوەشانەوەی پەکەکە، کردەوەیەکی بوێرانەی ڕەسەنی تەڤلیبوون و چوونە ناو خەباتی ئاشتییە. لە پاڵ ئەودا، دەبێت ئاماژە بە مەروان بەڕغووتیش بکرێت، کە ماندێلاکەی فەلەستینە و ئەویش بۆ زیاتر لە دوو دەیە لە زیندانێکی ئیسرائیلدا دەستبەسەرە. ئەوەی لە هەڵوەشاندنەوەی خۆبەخۆیانەی پەکەکەوە دێتە ئاراوە، بەستراوەتەوە بە حکومەتی تورکیاوە – ئایا ئەم پێشنیازە وەک هاو-ژێستێکی ڕاستگۆیانەی بەرامبەر لە ئامێز دەگرێت؟ لێرەدا پێویستە بەپەلە فشاری نێودەوڵەتیی بەهێز بخرێتە سەر تورکیا، و ئەوەش ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە بەشداریی تێدا بگێڕین.
سەرچاوە:
Liberal Fascisms, Slavoj Žižek, 2026, Bloomsbury Academic Bloomsbury Publishing.
[1] Mat Nashed, ‘Kurdish leader Ocalan told the PKK to disband, it did: Here’s what to know’, Al-Jazeera, 13 May 2025 (https://www.aljazeera.com/news/2025/5/13/kurdish-leader-ocalan-told-the-pkk-todisband-it-did-heres-what-to-know).
[2] BBC, ‘Turkey-Syria offensive: Not our border, says Donald Trump’,
BBC, 17 October 2019 (https://www.bbc.co.uk/news/world-middleeast-50075703).
[3] BBC, ‘Profile: Who are the Peshmerga?’, BBC, 12 August 2014 (https:// www.bbc.co.uk/news/world-middle-east-28738975)
