کامەران مەتین
و، سوورێن ئیبراهیم
چل ساڵ پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ١٩٧٩، ئێران ڕووبەڕووی گێژاوێکی فرەسەر بووەتەوە: قەیرانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی نزیک بە سی ساڵ نیولیبراڵیزەکردنی دەسەڵاتگەرانەی ئابووریی و کۆمەڵگەى ئێران، قەیرانی ڕەوایەتیی لە وێنەی؛ نایەکسانیی قووڵی جڤاکیی و گەندەڵیی ڕێسامەندی حکومەت، قەیرانی سیاسەتی دەرەوە؛ وەک؛ دەستێوەردان و سەرچڵییە هەرێمایەتییەکانی ئێران، مەرگی تەواوەتیی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی و گەمارۆ هەناوتەکێنەکانی ئەمریکا.
ئێستاش، لەگەڵ هەڕۆژانی سیاسیی ڕیفۆرمیستەکانی نێو حکومەت، شەقامەکانی ئێران بە چەشنێکی باڵکێش بوون بە شاسەکۆی دەربڕینی سکاڵای گەل و ناڕەزاییەتییە سیاسییەکان. لە کۆتایی زستانی ٢٠١٦، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران گۆڤانی ناڕەزاییەکی فراوان بوو، جا ئاپۆڕایەکی فراوانی خەڵک لە گەورەشار و شارەکانی تری ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی هەڵکشانی هەژاریی و بێکاریی و گەندەڵیی خۆپیشاندانیان ساز دا، ساڵی ڕابردوو مانگرتنێکی گشتیی لە سنە و چەندین مانگرتنی تری کرێکاریی فراوان لە ناوچەکانی تری ئێران بیچمیان گرت. ئەمانە ڕووبەڕووی هاشاوڵی چەکوشسالارانەی سەربازیی بوونەوە. جا لەم ڕوانگەوە گەر نەشڵێین ئێران وا لە ئاستانەى قەیرانێکی سەرتاپاگیردا، ئەوا مسۆگەر دەتوانین بێژین؛ گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، لە بەر دەرگەى ئەم قەیرانەدایە.
لەم بەستێنەدا دەبێت ستراتیژیی سیاسیی چەپ چۆن بێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، چونکە یەک جۆر چەپی ناوەندیی و یەکگرتووی ئێرانییمان نییە. بۆ پێشڤەچوونی ئەم مژارە، دەتوانین دوو چەشن چەپ لێک هەڵبوێرین: «چەپی دژەئیمپریالسیت» و «چەپی ئابوورییگەرا».
«چەپی دژەئیمپریالسیت» لە ڕووی فیکریی و سیاسییەوە، پشت بە ئەدەبییاتی ستالینیی پارتی گەل دەبەستێت، بۆ ئەم چەشنە چەپە، دژایەتیی ڕووکەشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر ئەمریکا، «پاساو»ـی ستراتیژی سیاسییانە بۆ پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی، ئەم ڕوانگەیە بۆ نموونە بووەتە هۆی ئەوەی چەپە دژەئیمپریالیستەکانی ئێران، پاڵپشتیی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ پشتیوانیی بەشار ئەسەد بکەن. تەنانەت وەک پیلانگێڕییەکی ئیمپریالستیی بۆ پارچەکردنی ئێران، لە بزووتنەوەى نەتەوەیی کوردانی وڵاتانی دراوسێ دەڕوانن.
«چەپی ئابوورییگەرا»، هەرچەندە ئەمە پێناسێکی سەرتاپاگیریش نییە، لێ ئاماژەیە بۆ چەپی نوێ و پێڕ و پۆلە مارکسیستییەکان. ئەمانە پتر پێ لەسەر دژایەتیی سەرمایەداریی لە ئێران دادەگرن و گرنگییەکی ستراتیژیی بە دۆزی نەتەوەیی و ڕەگەزیی نادەن. ئەم بەرەیە پێی وایە؛ دژایەتیی بۆرژوازیی نەتەوەیی، ستراتیژی گشتیی سیاسیی هێڵکێش دەکات. بە گوزارشتێکی تر؛ چەپی دژەئیمپریالسیت «دەرتەوەر»ـە و چەپی ئابوورییگەراش «ناوتەوەر».
بەهۆی سەرکوتی چەپۆکسالارانەی ناڕەزاییە سیاسییەکان لەلایەن ئێرانەوە. ئەم دوو لقەی چەپ؛ «دەرتەوەر» و «ناوتەوەر»، چێوەیەکی ڕێکخراوەییان لە ئێراندا نییە، بەڵکوو فرەتر وەک گوتارێک، لە بەستێنی گشتیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بوونێکی دەرەکییان هەیە.
ڕەهەندی هاوبەشی ئەم دوو لقە، ئەو گریمانە بنەڕەتییەیە، گوایە چینی کرێکار شابزوێنەری کۆمەڵایەتیی و مێژوویی بارگۆڕانە سیاسیی و شۆڕشگێڕیی و پێشکەوتنخوازەکانی ئێرانن. بەم ڕەنگە هەردوو لقەکە دۆزی نەتەوەیی، با بێژین «کەمینەکان»، وەک بەلاڕێدابردنی خەباتی دژەئیمپریالیستی و چینایەتیی دژی سەرمایەداریی دەبینن، ئەم ڕوانینە بە چاویلکەیەکی تیۆریی و گشتییتر لە گەشەی سەرمایەداریی، باری سەرنج دەخات سەر پاڵهێزی مێژوویی و پێگەی سیاسیی تەڤگەری سیاسیی بندەستان، ئەمە دیدێکی ڕاگوزەرە و لە مارکسیزمی کلاسیکەوە چاوگە دەگرێت.
بە پێچەوانەی ئەم جووتە ڕوانیینەوە، من پێم وایە، پۆلێنی ستراتیژێکی سیاسیی سەرکەوتوووی چەپی ڕادیکاڵ، تەنیا لە سۆنگەی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی قووڵی تیۆری مارکسیزمی کلاسیکەوە لەدایک دەبێت، جا پاشان تانوپۆی ئەم بۆچوونە بە دەساوێژی مژاری نەتەوەیی، دەچنم، ڕوونی دەکەمەوە کە سوودوەرگرتنی ستراتیژیی لەمە، خاڵی وەرچەرخانە بۆ ڕەنگاندنی ستراتیژێکی سیاسیی سەرکەوتووی چەپی ئێرانیی.
ئەو بیرۆکەیەی چەپی مارکسیستیی، وا گوایە چینی کرێکار لە سەردەمی سەرمایەدارییدا دەتوانێت شۆڕش بەرپا بکات، لە تیۆری مارکسیسستییەوە لەمەڕ گەشەی سەرمایەداریی هەڵهێنجراوە. مارکس دەیوت؛ سەرمایەداریی بە شێوەیەکی گشتیی کۆمەڵ بۆ دوو چین دەسەبەش دەکات: پرۆلیتاریا و برۆژوا، مارکس پێی وایە؛ پرۆلیتاریا «چینێکی جیهانیی»[1]ـە بە کۆمەڵێک «زنجیری پێکەوەبەستراو»ـەوەوە، سا بۆیە ڕزگاریی پرۆلیاریا، بە واتای ڕزگاریی سەرپاکی جڤاک دێت. بەم ڕەنگە لای مارکس، چینی کرێکار پێشڕەوی جووڵەی مێژووییە و لە جەرگەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا شابزوێنەری بارگۆڕانی کۆمەڵایەتییە.
مارکس بەریتانیای وەک یەکەمین ناوەندی هەڵکشان و پەلکوتانی چێوەمەندی سەرمایەداریی کردبووە دەستپێچی مشتوماڵدانی ئەم تێڕوانینەی. تێگەیشتنی مارکس بۆ گەشەی سەرمایەداریی، وەک پێواژۆیەکی نێونەتەوەیی[2]، پێناسەیەکی جیهانیی لەبەر سەرمایەدایی هەڵدووری بوو. چونکە ئەو پێی وابوو؛ ئەم پێواژۆیە (واتە گەشەی سەرمایەداریی)، لە جڤاک و وڵاتە هەمەچەشنەکاندا تەشەنە دەسەنێت و بەرەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە کە لە بنەوەڕا هاوشێوەی ئەوەیە وا لە بەریتانیا ڕووی دا. باڵکێش ئەوەیە، ئەم تێڕوانینە تیۆرییە لەگەڵ بەرکەوتنە ئەزموونییەکانی خودی مارکس لەمەڕ گەشەی سەرمایەداریی وڵاتانی گەشەنەسەندووی ئەورووپایی ئەو سەردەمە و هەلومەرجی وڵاتانی کۆڵۆنیی و جیهانی نائەورووپایی، ناکۆک بوو. (تەماشای ئەندرسۆن بکە: ٢٠١٠)، تەنانەت دواتر و لە کۆتایی تەمەنییدا، لەبارەی هەڵەی گواستنەوەی «گەڵاڵەی سەرەتایی و گشتیی پەرەسەندنی سەرمایەداریی وەک تیۆرییەکی مێژوویی – فەلسەفیی چارەنووسسازی سەراتاپاگیر و حەتمیی بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک» هۆشداریی دا. سەرباری ئەمەش ئەم خواستە بەجێ و درەنگکەوتووەی مارکس کاری نەکردە سەر ئەو چوارچێوە تیۆرییەی ماتریاڵیزمی مێژوویی وا مارکسیستەکانی دواتر بۆ دەستێوەردانی قۆناغە نەتەوەیی و خۆجێییەکان کردبوویان بە دەساوێژ.
لەم کڵاوڕۆژنەیەوە جێی سەرسووڕمان نییە کاتێك مارکسیزم گورزی تۆمەتی ئەورووپاتەوەرەیی و ڕوانینی ڕاستەهێڵیی مێژووی بەر دەکەوێت. ڕەگوڕیشە فیکرییەکانی ئەم تەڵەزگەیە، لە بنەوانی گریمانە تیۆرییە سەرتاپاگیرە کۆمەڵایەتییەکانی مارکس، واتە ماتریاڵیزمی مێژووییدا، داشاراوە. (مەتین ٢٠١٣ ١٥١-١٥٤). بە گوزارشتێکی درووستتر؛ سەرچاوەی ئەم کێشەیە لە گریمانەی بنەڕەتیی ماتریاڵیزمی مێژوویی لەمەڕ (پەیوەندیی دوولایەنە)ـەوە چاوگە دەگرێت. واتە گوایە «بەرهەمهێنانی ژیان وەک پەیوەندییەکی دوولایەنە خۆی دەنوێنێت: لەلایەکەوە وەک پەیوەندییەکی سرووشتیی و لەولاشەوە وەک پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی.» (مارکس و ئەنگڵس ١٩٧٠ ل٥٠ ١٩٩٣ ل٨٧). ئاشکرایە ئەمە بنەڕەتیترین گریمانەی کۆمەڵناسیی مێژوویی مارکسە و پشت بە گریمانەی بوونی یەک کۆمەڵگە دەبەستێت نەک فرەیی کۆمەڵگاکان. کەواتە گوزارشت لە پەیوەندیی سێیەمی ڕێکاری 'بەرهەمهێنانی ژیان'، واتە 'پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگاکان'[3] یان پەیوەندیی و مامەڵەی نێوان کۆمەڵگە هەمەچەشنەکان ناکات. مارکس لە گرووندریسە (١٩٩٣، ل٨٣)ـدا ڕێکوڕەوان بیرۆکەی توانای بەرهەمهێنانی (ئۆرگانیی و ئابووریی) تاکی دابڕاو لە کۆمەڵ پەرچ دەداتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پێ لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی پێواژۆی بەرهەمهێنان دابگرێت. هەر بەم پێودانگەش، بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی بەدەر لە پەیوەندیی کۆمەڵگەکان، بە هەمان ئاست، بەنەکردەنییە، بەڵام ئەم خاڵە گرنگە لە شڕۆڤەی مارکس و ئەنگڵسدا بۆ 'پەیوەندیی دوولایەنە'، جێی نەکراوەتەوە.
بەم چەشنە پێودانگی 'پەیوەندیی دوولایەنە' لە تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی مارکسدا، چاو لە فرەیی ناوەکیی کۆمەڵگەکان دەپۆشێت، سەرەنجام تانوپۆی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان لە بنەما تیۆرییەکانیی خۆیدا وەدەر دەنێت. لە بەرهەمە شکۆمەندەکەی مارکسدا، سەرمایە، بە ڕاشکاویی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان بۆ «پەراوێز» دادەکشێنرێت و لە بنەما تیۆرییەکانیدا وەلای دەخات. (مارکس، ١٩٩٠، ل٧٢٧)[4]. لە ئەنجامدا شاکلیلە تیۆرییەکانی مارکسیزم، وەک؛ بزوینەری شۆڕشگێڕیی، لە بنەوەڕا بە پێودانگی گەڕانەوە بۆ جووڵەی ناوەکیی کۆمەڵگەیەکی تایبەتی (لە وێنەی بەریتانیا) داڕێژراون. جا پاشان وەک چەمکێکی جیهانیی گشتێنراون.
ئەم تەڵەزگەیە لە بەرهەمی مارکسیستەکانی پاش مارکسدا وەک مانگی لای ئێوارێ ڕوونە. ڕاستییەکەی چەمکە مارکسیستییەکانی وەک «گەشەی نایەکسان»[5] و «ئیمپریالیزم» بە ناڕاستەوخۆ هەوڵ بوون بۆ وەڵامدانەوەی کێشەی تیۆریی و سیاسیی نێو قووڵایی تیۆریی مارکسیستیی لەمەڕ چاوپۆشین لە چارەنووسی فرەیی کۆمەڵگەکان. هەرچەندێك هەردوو چەمکەکە لە لۆژیکی ناوەکیی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە هەڵێنجراون، بەرەنجام غەفڵەتی تیۆریی لەمەڕ فرەیی کۆمەڵگا و لێکەوتەکانی ئەم فرەییە وەک؛ (جیاوازیی، پێکەوەژیان و کارلێک و تێهەڵکێش و بارگۆڕانی دیالێکتیکیی) لە هاوکێشەکانی خۆیدا بەرهەم دێنێتەوە. (ڕۆزنبێرگ، ٢٠١٦، ل١٣٥-١٤١).
ڕایەمان دەکەوێت بێژین؛ لە نێو هەموو بیرمەندانی کلاسیکی مارکسیستییدا، لیۆن ترۆتسکیی (١٩٨٥، ل٢٥-٣٧) تاکە کەس بوو، شاراوە، بەڵام ڕاستەوخۆ، ئاماژەی بە لێکەوتەکانی چاوپۆشیی لە بوونی فرەیی کۆمەڵگەکان دەکرد لە تیۆریی مارکسیستییدا. جا ئەم کارەی لە چوارچێوەی «گەشەی نایەکسانی تێكەڵاو»ـدا داڕشت. ئەو «نایەکسانیی» فرەیی کۆمەڵگاکان و ئەو «داڕشتە»ـیە بەرباس دەدات وا لێکەوتەی ئەم ناهاسەنگییەیە. ئەم جووتە تێڕوانینە تێگەیشتنێک لەمەڕ «گەشە» وەک پێواژۆیەکی هەم ناوەکیی و هەمیش کارلێککەر[6] و فرەهێڵ فەراهەم دەکەن. بە گوزارشتێکی تر، ئەم تێگەیشتنە لەمەڕ گەشە پێی وایە؛ سەرچاوە مێژووییەکانی وەک «دەرەوە» و «ناوەوە» تەواوکەری یەکترن و بە شێوەیەکی دیالێکتیکیی یەکتری ڕەنگڕێژ دەکەن، کەواتە ئەمانە بارگۆڕانی کۆمەڵایەتیی و مێژوویی ڕاستەهێڵیی نەکردەنیی دەکەنەوە. ئەمە واتا بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگەیەکی دیارییکراودا، شێوەیەکی پێکهێنەر و کاریگەری پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکانە. لەم پێڤاژۆیەدا، ئاوێتەبوونی بەرژەوەندیی و دیاردە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگیی و ئابوورییەکانی جڤاکێن هەمەچەشن، بەپێی گەشە و تایبەتمەندییە مێژووییە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگانە، دەبێتە بەشێک لە تایبەتمەندیی ناوەکیی و ڕێکاری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی و گەشەی ناوەکیی کۆمەڵگە. ئەم کارە ڕێگریی لە یەکسانیی پێواژۆی گشتیی گەشەی لە ناوچە جیاوازەکان کرد و ئەگەری بزاوتنی گەشەی فرەهێڵی مێژوویی دەڕەخسێنێت.
لەگەڵ تێگەیشتنی تیۆریی لە هەلومەرجی باری کۆمەڵایەتیی «فرەیی کۆمەڵگاکان» و پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان، بیرۆکەی گەشەی نایەکسان و ئاوێتە، تێگەیشتنێکی کراوە بەرانبەر پاڵهێزی مێژوویی کردەنیی دەکاتەوە کە نەختوپوخت لە دیالێکتیکی کار و سەرمایەوە ڕەنگڕێژ نابێت. چەمکەکانی وەک «نەتەوە» و «ناسیۆنالیزم» ئەو پێدراوە تیۆرییانەن کە بەکارهێنانیان بۆ ئەم بەڵگەدۆزییە زۆر ڕۆشنکەرەوەیە؛ ئەمە ئەو دیاردانەیە وا بیرمەندی دیاری مارکسیستی ستکۆتلەندیی، تۆم نان، بە ئاشکرا وەک «ناکامییە گەورەکەی مارکسیزم» تیۆریزەیان دەکات. (نان، ١٩٧٥، ل٣). منیش لە جێیەکی تر (مەتین، ٢٠١٩) ڕوونم کردووەتەوە کە بە پێچەوانەی باوەڕی باوی مارکسیستیی، نەتەوە و ناسیۆنالیزم نەک بەرهەم و بەچکەی ئایدۆلۆژیی سەرمایەداریی و ئاگایی ساختە نین، بەڵکوو یەکێکن لە توخمە مێژووییەکانی ئافراندنی سەرمایەداریی. بەڵام پێش شیکاریی تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم مژارە، بۆ ئەوەی لە جەنگەی ئەم گێژاوە هەنووکەییەی ئێراندا، ستراتیژی چەپی ئێرانیی مشتوماڵ بدرێت، بە پێویستی دەزانم تانوپۆی ئەم بیرۆکەیە ئاوا بە پوختیی بچنم.
نەتەوە ئەبستراکتێکە و تایبەتمەندییە مێژووییەکەی لە شێوەی سیاسیی فەرمانڕەوای سەرمایەدارانەدا داشاراوە. بەرانبەرە فارسییەکەی ئەمە (فەرمانڕەوای نەتەوەیی)ـە. لێ دیاردەی نەتەوە ژیانێکی دووپەژمی هەیە، شێوە مۆدێڕنەکەی ئەم دیاردەیە وەک وەڵامێکی کراوەی سیحراویی بۆ ئەفسوونی سەرمایەداریی ئیمپریالیزم[7]، لە بەریتانیا/ئینگڵستان کوڵکوپێستی گرت. بەم ڕەنگە سرووشتی ناهاوسەنگ و ئاوێتەی ڕێکاری پەیدابوونی نەتەوە و پەرەسەندنە جیهانییەکەی دواتری، بوو بە کۆسپی سەرەڕێی فرەییە هاوشێوەکەی لە شوێنانی تر. ئەم ڕێگرییە لە ڕێی پاشوپێشخستنی ڕیزبەندیی مێژوویی پزیسکەی پەیدابوونی یەکەم نەتەوە لە بەریتانیا ڕووی دا. بە واتایەکی ڕوونتر؛ لەو کۆمەڵگانەی وا پاشتر، واتە لەو نەتەوانەی وا درەنگتر لە کۆمەڵی ئینگڵیزیی/بەریتانیی گەشەی سەرمایەداریی پەلوپۆی لێ کوتان، ئەوە ناسیۆنالیزم بوو کە لە نەبوونی سەرمایەدارییدا «نەتەوە»ـی مشتوماڵ دا. ئەمە گەرچی سەرمایەداریی لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و بە دەساوێژی پردی ژیۆپۆلەتیک، 'شاداڕێژەر'ـی ئەم ڕێکارە بوو لە سەر ئاستی 'دەرەوە'.
بەم ڕەنگە ئەو جڤاکە ناسەرمایەدارییەی لە بن باندۆری سەرمایەداریی بەریتانییدا بوو، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هێشتاش تایبەتمەندیی «تاکی سرووشتیی»[8] هەبوو. ناسیۆنالیزم پاڵهێزی یەکێتیی و یەکگرتوویی ئەم کۆمەڵگەیە بوو بەرەو ئاسۆی نەتەوە نەک سەرمایەداریی. جا شیمانە دەکرێت ئەم ڕێکارە شاڕێی بەرهەمهێنانی توندوتیژانەی ناسنامەی نەتەوەیی بوو بە پێچاڵی نەتەوە و زمانێکی تایبەت. (تەماشای دیرلیک بکەن، ٢٠٠٢، ل٤٣٦) لە پێکهاتەی فرەفەرهەنگ و فرەنەتەوەدا (ڕاستییەکەی بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان)، ئەم پێواژۆیە بە واتای بیچمگرتنی ڕیزێک «کەمینە»ـی دەستکورت دێت، جا ئەمانە کاتێك ماخۆی ئاستێکی باڵای خۆبەڕێوەبەریی[9] نەبوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەتەوی تاکتەوەری ڕوولەهەڵکشان، ڕوویان لە خۆبەڕێوەبەریی باو[10]ـی نەتەوەپەرەستیی کرد، سا چ بۆ خۆبەڕێوەبەریی بێت یان هەڵکشان بۆ هاوشانی نەتەوە «هاوڕیشە»ـکەی. (تەماشای هۆبزباوم بکەن، ١٩٧٧، ل١٦-١٧).
ئەمە هەمان ئەو شتەیە وا لە ئێران و تورکیا و ئێراق و وڵاتانی گوایە «دواکەوتوو» ڕووی دا. لە ئێران زمان و فەرهەنگی فارسیی ناوکی ئایدۆلۆژیی و دەزگای {خود}ـئاگایی دەوڵەتی مۆدێڕن و ناسنامەی نەتەوەیی مشتوماڵ دەدا. ئەم کارە بەرهۆی هەڵگێڕانەوەی پۆڵێنبەندیی فەرهەنگیی – سیاسیی پێشتری گەلانی نافارس و بەرپرس و نوخبە خۆجێیە فەرمانڕەواکانی ئێران بوو، چون ئەمانە پێشتر ماخۆی سیستەمێکی شێوە کۆنفیدراڵی ناناوەندیی بوون، ئەویش بە خۆبەڕێوەبەرییەکی خۆجێیی لەسەر ئاستێکی باڵا؛ ئەم دۆخە بۆ سەرپاکی ئەو دەوڵەتە ناسەرمایەدارییانەی وا پشتیان بە «شێوازی بەرهەمهێنانی باج»[11] دەبەست و بنکێکی خێڵەکیی و ڕەچەڵەکسالاریان هەبوو، وەڕاست دەگەڕێت.
جا پڕۆژەی «دەوڵەتسازیی بەرگرییکار»ـی چینی فەرمانڕەوای ئێرانیی، بەرەنجامی فشاری کۆڵۆنیاڵیزمی ئەورووپایی بوو، ئەمە بیرۆکراسییەکی پلەداریی سیاسیی لێ کەوتەوە، ئەویش بە پێناسێکی کەلتووریی وەک (دەوڵەت -نەتەوەی مۆدێڕنی ئیران). ئەم وڵاتە تازەیە و بەرژەوەندییەکانی، بە پێودانگی یەکێك لەو چەند فەرهەنگ و زمان و ئایینزایەی پێشتری نێو ئەو پانتاییە جوگرافییە پێناس کرا: تێهەڵکێشی فارسزمانی شیعەی (دوانزە ئیمامیی)، پاشان ئەوە دەوڵەتی فارس-شیعە بوو کە دواتر پێواژۆی هەڵژەنرانی ئێرانی لە پیشەسازیی و تاوسەندنی سەرمایەداریی بەڕێوە دەبرد.
بەرەنجام لەگەڵ هەڵڕەنگانی بیرۆکراتییەتی ئابووریی و سیاسیی سەرمایەداریی لە ئێران، پلەدارییەکی ناوخۆیی کەلتووریی و نەتەوەیی تەشەنەی سەند. ئەم دۆخە باندۆری خستە سەر پاشهاتی جووڵانەوەکان و هەلومەرج و شێوازی خەبات دژی سەرمایەداریی لە ئێران. لە دەوڵەت – نەتەوەی ئێراندا، دەرکەوتن و درزی چینایەتیی لە گۆڕەپانێکی کەلتووریی و سیاسیی پێچەڵپێچدا پیادە دەکران. ئەم ڕەوشە نموونەیەکی جیاکاریی هەرێمیی و گەشەی ناهاوسەنگی لێوە لەدایک بوو. ئەمە لە ئاستێكی باڵادا لەگەڵ دابەشکاریی جوگرافیی پێڕە زمانەوانیی و نەتەوەییە نافارسەکاندا هاوتەراز دەهاتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، ئەم گرووپانە لە پەرگاڵی دەوڵەت-نەتەوەی تاکتەوەر[12]ـی نوێدا، لەبەر پێگەی کەلتووریی و سیاسیی بندەستانەیان، وەرگەڕانە سەر ڕیزێک «کەمینە»ـی دەستکورتی پەراوێزنشین. ئەو نایەکسانییەی ناوەند – پەراوێز وا لە ئێراندا هەمیشە سەرباسە، تەنیا بەشێک لە ڕاستینەی ئەم ڕەوشە پانوپۆڕە پەرچ دەداتەوە.
لە هەلومەرجێکی بەم ڕەنگەدا، پێواژۆی دەرکەوتنی چینایەتیی و درزە چینایەتییەکان، گوزارشتە لە ئاستێکی باڵای هەڵاواردنی فەرهەنگیی و نەتەوەیی. هەر پڕۆژەیەکی سیاسیی گەر بیەوێت تەنێ پێ لەسەر ململانێی چینایەتیی یان یەک مژاری نێو ئەو هەموو ناکۆکییە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتییە دابگرێت، ئەوا لای کۆمەڵگە سەرنجڕاکێش و دڵنشین نابێت و ئەو پڕۆژە سیاسییە کاریگەرییە سیاسییەکەی خۆی سنوورمەند دەکات. بۆ وێنە؛ ساڵی ٢٠٠٩ «بزووتنەوەی سەوز» شکستی هانی، چونکە تەنیا پێی لەسەر چنگخستنی خواستە لیبراڵ – دیموکراتییەکانی خۆی دادەگرت و چاوپۆشیی لە کێشەی چینە دەستکورتەکان و کەمینە نەتەوەییەکان و (مژاری نایەکسانیی ڕەگەزیی) دەکرد. سەرەڕای هەندێک پاڵپشتیی سەرەتا، لێ ژمارەیەکی کەمی شارەکان ئاوێتەی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی تاران بوون. یان تەنیا وەک هەڵوێستێك پشتیان گرتن. لە بزووتنەوەی سەوزدا، زۆرینەی شارەکانی کوردستان و ئازەربایجان و خووزستان و بەلوجستان، بە گشتیی «تەماشاکەر» بوون، چونکە ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانی بە شێوەیەکی کاریگەر تایبەتمەندییە فەرهەنگیی و سیاسییەکانیان لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا ڕەچاو بکات.
مانگرتنی ئەم دواییانەی کرێکارانیش نەیتوانی خزمەت بە داڕسکانی تەڤگەرێکی سیاسیی و ناڕازایەتییەکی فراوانتر بکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی نوێنەر و پێشەنگانی ئەم مانگرتنە، بە تایبەت بەشێک لە چالاکوان و ڕۆشنبیرانی چەپی دەرەوەی ئەم بزووتنەوەیە، نکۆڵییان لە بوونی هەر چەشنە پەیوەندییەکی نێوان داخوازییەکانی کرێکاران و خواستی سیاسیی سەرتاپاگیرتردا دەکرد، بە تایبەت مژاری چەوسانەوەی کەمینە نەتەوەییەکان. سەرکوتی توندی بزووتنەوەی سیاسیی کەمە نەتەوەییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، فیتاوفیت بۆ ئەم هەڵوێستە دەگەڕێتەوە، لێ دەتوانین هۆکارێكی تیۆریی قووڵتر بۆ ئەم تەرێزگرتنە لە دۆزی نەتەوەیی هەڵێنجین.
وەک چۆن گەرەکم بوو نیشانتان بدەم، بنەوانی ئەم تەرێزگرتنە لە دۆزی نەتەوە هەژارەکانی ئێران، پاڵنەرێكی زەینیی هەیە و تاکتەوەرێتیییە، جا تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ گەشەی ئێرانی هاوچەرخ و ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیدا وێك نایەتەوە. سەرکەوتنی باڵکێشی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) لە تورکیا ئەم بابەتە دەسەلمێنێت. ساڵی ٢٠١٥ هەدەپە بە پێچاڵی بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و ڕادیکاڵ، کە سرووشتێكی فرەناوەند[13] و ماتەوزەیەکی بەهێزی پانوپۆڕی هەبوو، پێی بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لێ هەڵهێنا. ئەم بەرنامەیە سەرنجێکی زۆری چینی کرێکار و کەمینە ئایینیی و نەتەوەییە هەژار و پەراوێزنشینەکانی وەک کەمینە ڕەگەزییەکانی (LGBT، Q) و لە هەمووشتی گرنگتر ژنانی ڕاکێشا. ڕاستییەکەی هەدەپە خەباتێكی نەپساوەی کوردانی بۆ خۆبەڕێوەبەرییەکی سیاسیی و چاندیی لە چوارچێوەی بەرنامەیەی سیاسیی هەراوتر و ڕادیکاڵدا، مشتوماڵ دا. تەوەرە ستراتیژییەکەشی پێی لەسەر نایەکسانیی ڕەگەزیی و ئایینیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی دادەگرت. ئەم کارە دەنگێكی زۆری گەلانی ناکوردیشی بۆ هەدەپە چنییەوە. ئەم ستراتیژە سەرکەوتنێکی خێرای لێ کەوتەوە، تەنانەت لەگەڵ سەرکوتکردنی بەردەوامی هەدەپە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، کەچی ئەم پارتە لە دواهەڵبژاردنی گشتییدا بووە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانی تورکیا. هەدەپە لە بەزاندنی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئەکەپە) لە دواهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی وازیی کرد.
نموونەیەکی ڕادیکاڵتر لە بەرنامەکەی هەدەپە، بەرنامەی «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی» ڕۆژئاوایە لە سووریا. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی، پێواژۆی تێپەڕاندنی دەوڵەتە، جا ئەم شوورا هەرەوەزییانە بە چەشنێکی تەکووز پێکهاتەی دەوڵەت هەڵدەوەشێننەوە و پەیوەندییە پیاوسالارانە پلەدارییەکان وەردەگەڕێننە سەر ئاسۆی پەرگاڵێکی خۆبەڕێوەبەریی، ئەویش بەپێی پەیوەندییەکی ئاسۆیی و یەکسانیی ڕەگەزیی[14]. بەرکەماڵیی ئەم سیستەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە هاوکات گرێدراوی بەرهەمهێنانی بەهای بەکارهێنانە[15]، ئەویش لە بەستێنی ئابوورییەکی هەرەوەزیی و ژینگەپارێزدا. بەم ڕەنگە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی مژاری نەتەوەیی و چینایەتیی و ڕەگەزیی و ژینگە دەکاتە شاتەوەری ستراتیژی سیاسیی خۆی. سەرەنجام پاڵهێزی ڕادیکاڵی ئەم پڕۆژەیە، لە بنەوەڕا فرەخواز و ئاسۆییە. خێرایی وەرگەڕانی ئەم پڕۆژەیە بۆ سەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سەرکەوتنە بەرچاوەکەی، ئەویش لە نەگونجاوترین هەلومەرجی ئابووریی و ژیۆپۆلەتیکییدا، گۆڤانی گونجاویی و هاوتەرازیی ئەم بزووتنەوەیە و چالاکمەندیی تێڕوانینەکەیەتی وەک پاڵهێزێکی گۆڕانساز. توندوتیژیی دژوار و دوژمنایەتیی ڕیشاژۆی دەوڵەتی تورکیا و هێزە کۆنەپارێزەکانی تری ناوچەکە بەرانبەر ئەم ئەزموونە، پێودانگ و پێوانە بۆ ئەو هەڕەشە مێژووییەی ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی «هەلومەرجی هەنووکەیی»[16] ناوچەکەی کردووەتەوە.
مسۆگەر هەلومەرجی ئێران لە تورکیا و ڕۆژئاوا جیاوازە. دیموکراسیی پەرلەمانیی[17] و پارتی سیاسیی و هەڵبژاردنی دادوەرانە، تەنانەت بەو ئاستەشی لە تورکیا هەیە، لە ئێران لەگۆڕێ نییە. بە پێچەوانی ئەو هەلەی وا لە سووریا بەهۆی جەنگەوە ڕەخسا، بەڵام دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران هێشتان وا بە پێوە. لەگەڵ ئەمانەش، جووڵە و وزەیەکی پانوپۆڕ لە کۆمەڵی ئەمڕۆی ئێراندا هەیە و وەڵامی سرووشتیی و گوتار و ڕوانگە سیاسییەکەشی، پڕۆژەیەکی ڕادیکاڵی چەپە. لێ سرووشتی تاکڕەهەندیی گوتاری ئایدۆلۆژیی و سیاسیی چەپی ئێرانیی، دەبێتە کۆسپی سەرەڕێی تا بە چەشنێکی ستراتیژیی ئاوێتە و تێهەڵکێشی ئەم وزە و توانستە بێت و ڕێکی بخات وا ئاو لە زۆر سەرچاوە دەخواتەوە و تەنێ بۆ ناکۆکییەکانی نێوان کار و سەرمایە کورت ناکرێتەوە.
لە سەردەمێکدا کە قەیرانێکی گشتیی و سەرتاپاگیر وڵاتی داگرتووە، گەر چەپێکی نوێ کەڵکەڵەی کاریگەرییەکی بابەتیی و پێكۆڵی لە ئێراندا لە سەر بگەڕێت و پێ لە سەر هەڵگێڕانەوەی ئەم ڕەوشە دابگرێت، ئەوا گەرەکە دەستوبرد لە ڕێی پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە توخمەکانی بیرکردنەوەیدا، ستراتیژی سیاسیی خۆی نوێ بکاتەوە. بە پاساوی کاریگەریی گەشەی نایەکسان و تێکەڵاوی ئیرانەوە، ململانێی چینایەتیی لەپێشینەییەکی ناوەکیی نییە بە سەر خەباتی کەمینە نەتەوەییە سەرکوتکراو و گرووپە پەراوێزخراوەکان و خەباتی ژنان بۆ یەکسانی ڕەگەزیی، چونکە وەک سەلماندمان، ڕەگوڕیشەی ماددیی و مێژوویی گشت ئەم تێکۆشانانە تێهەڵکێشن و یەکتری تەواو دەکەن. هەر چەشنە پڕۆژەیەکی سیاسیی، گەر تەنیا پێ لە سەر ڕەهەندێکی ئەم خەباتانە دابگرێت یان بەپێی پلەبەندیی ڕێکیان بخات، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر، ناتوانێت سەرنجی زۆرینەی بندەستان بۆ خۆی کێش بکات. سا بۆیە توانای بە سەر گۆڕانێکی ڕادیکاڵ و پێشکەوتووشدا لە ئێران ناشکێت. ڕەچاوکردنی کۆمەڵناسیی زمانەوانیی و نەتەوەیی ئێران و پێگەی ستراتیژیی نەتەوەپەرەستیی فارس – ئێرانیی لە هەڵچنینی پلەبەندیی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان و داننانی ڕاشکاو و بەرگریی ئاشکرا لە مافی یەکسانی گەلانی ژێردەست و یەکسانیی ڕەگەزیی، پێویستییەکی هەنووکەیی ڕسکاندنی ستراتیژێکی سیاسیی ڕادیکاڵی سۆسیالیستیی سەرکەوتووە لە ئێران.
سەرچاوە:
o Anderson, Kevin (2010), Marx at the Margins: On Nationalism, Ethnicity, and Non- Western Societies, Chicago: The University of Chicago Press.
o Dirlik, Arif (2002), ‘Rethinking colonialism: Globalization, postcolonialism, and the nation. Interventions: International Journal of Postcolonial Studies, 4(3): 428–448.
o Hobsbawm, Eric (1977), ‘Some reflections on the break-up of Britain’, New Left Review,1(105): 3–23.
o Marx, Karl (1993) Grundrisse, London: Penguin.
o Marx, Karl (1972), ‘Letter to Mikhailovsky’, in D. McLellan (ed.), Karl Marx: Selected Writing, Oxford: Oxford University Press, pp. 571-572.
o Marx, Karl (1990), Capital (Volume 1), London: Penguin.
o Marx, Karl and Engels, Friedrich (1970), The German Ideology (edited and introduced by C. J.Arthur), London: Lawrence & Wishart.
o Matin, Kamran (2019), ‘Deciphering the modern Janus’, Globalizations,
o https://doi.org/10.1080/14747731.2019.1673615.
o Matin, Kamran (2015) ‘Capital, the state, and war: A note on the relation of uneven and combined development to historical materialism’, The Disorder of Things, January 29,
o https://thedisorderofthings.com/2015/01/29/capital-the-state-and-war-a-note-on-therelation-of-uneven-and-combined-development-to-historical-materialism/
o [accessed 01/02/2020].
o Matin, Kamran (2013) Recasting Iranian Modernity: International Relations and Social Change (London & New York: Routledge)
o Nairn, Tom (1975), ‘The modern Janus’, New Left Review, I (94): 3–25.
o Rosenberg, Justin (2016), ‘International relations in the prison of political science’,International Relations, 30 (2): 127-153.
o Trotsky, Leon (1985) The History of the Russian Revolution, London: Pluto Press.
[1] Universal class
[2] نێونەتەوەیی هاوبێژێکی فیت نییە بۆ transnational، چونکە ئەو تایبەتمەندییەی لێرەدا باری سەرنجی خراوەتە سەر، بڕینی دەوڵەت - نەتەوەکان نییە، بەڵکوو سنوورەکانێتی، نێونەتەوەیی هاوبێژێکە ڕێکاوڕێک (super – national) دەنوێنێتەوە. نووسەر
[3] Inter - societal
[4] هەندێك لە مارکسیستەکان ئەم «نموونەهێنانەوە»ـیە بۆ پەیوەندییە نێوان کۆمەڵگاکان، بە پاساوی «بەئەبستراککردن»، وەک پێویستییەکی سرووشتیی تیۆرسازیی دەرباز دەکەن، لێ من لە جێیەکی تر (مەتین، ٢٠١٥)، ڕوونم کردووەتەوە کە ئەم پاساوە، تێگەیشتنێکی چەوتی ڕێکاری ئەبستراککردنە لە تیۆرسازییدا. نووسەر
یەکەمین گەڵاڵەی 'بنەماکانی ڕەخنەی ئابووریی سیاسیی' مارکسە و لە نێوان ساڵانی ١٨٥٧-١٨٥٨ نووسراوە، بۆ یەکەمین جار ساڵی ١٩٠٣ 'کاوتسکی' ئەم ڕەشنووسەی لە گۆڤاری ‘سەردەمی نوێ'ـدا ئاشکرا کرد. وەرگێڕ
[5] Uneven development
[6] Interactive
[7] Imperial capitalism
[8] Concrete individual
[9] Substantive autonomy
[10] Mimetic autonomist
[11] Tributary mode of producation
[12] Monadic
[13] Multi - focal
[14] Gender - egalitarian
[15] Use - value
[16] Status - quo
[17] Consititutional democracy
