چیمان لە ئازادی دەوێت؟

ئازادی، وەک ناوێکی تری ڕزگاری

 


دێرسیم فایەق

ئازادی وەک چەمکێک، هەڵگری کۆمەڵێک تێڕوانین و دنیابینی جیاوازی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە؛ کۆمەڵێک دەلالەتی دژبەیەک و ناکۆکی بەرجەستەکردووە. هەر دیدگا و ئاڕاستەیەکی فیکری لە پێگەکەی خۆیەوە سەیری دەکات، بە جۆرێکی جودا دەیبینێت. هەمووان، لە ئەمسەر بۆ ئەوسەری جەمسەری دنیابینییەکان، لە هەوڵی ئەوەدان چۆن ئەو دالە بۆشەی ناوی ئازادییە پڕبکەنەوە، و بزمارئاسا لەناو کڵاوڕۆژنەی دنیابینی و تێگەیشتنی خۆیاندا، دایبکووتن.  ئازادی گەر گەیشتن بێت بەوەی کە دەمانەوێت بتوانین ئەنجامی بدەین، ئەوا هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا دەرگا لەسەر چەندەها پرسی ئەخلاقی دەکاتەوە، کە چی بکەین و چۆن ئەنجامی بدەین؟ بەرپرسیارێتی ئەوەی ئەنجامی دەدەین چییە؟ بە کورتی، پرسی سەرەکی ئەوەیە چۆن ئازاد بین؟ 

هیگڵ کۆی مێژووی مرۆڤایەتی وەک و گەشە و پەرەسەندن بەرەو ئازادی دەبینی. لە دەسەڵاتی ستەمکاری ڕۆژهەڵاتیدا تەنها یەک کە پاشا (ستەمکار) بوو ئازاد بوو، دواتر لە سەردەمی کۆیلایەتیدا کەمینەیەک ئازاد بوون، پاشان لەگەڵ هاتنی مەسیحیەتدا هەمووان ئازادبوو. لەگەڵ هاتنی ڕۆشنگەریشدا ئازادی بەسترایەوە بە یەکسانییەوە، ئێمە ئەو کاتە ئازادین کە دەرفەت و مافی یەکسانمان هەبێت، مافی خوێندن و دابینکردنی تەندرووستی هتد. ئەمە بەلای لیبراڵەکانەوە سنووربەندکردنی یەکسانییە، بەهانەی ئەوە دێننەوە، ئەمە ئازادی ئەوەیان لێدەسێنێتەوە خۆیان خوێندن و تەندرووستی هەڵبژێرن کە دەیانەوێت، چونکە پێشوەختە بۆیان دابینکراوە. گەر لە سیستەمە جیاوازەکانی حکومڕانیشدا، بەراوردێکی خێرای ئازادی بکەین، دەبینین لە سیستەمێکی دەسەڵاتگەر و ئۆتۆریتەردا گووتاری ڕەسمی ئەوە دەبێت کە "پێویستە ئەوە بکرێت کە کەسی دەسەڵاتدار دەیەوێت، چونکە ئەو وای پێخۆشە." پابەندبوون بەمەوە دەبێتە مایەی هێنانی پاداشت و سەرپێچی‌لێکردنیشی مایەی سزای تووندە.  لە تۆتالیتاریزمدا گووتاری سەرەکی بریتییە لە بوونی دۆزێکی باڵا یا چاکەی گشتی؛ "پێویستە لەسەرت ئەنجامی بدەیت، تەنانەت گەر پێشت خۆش نەبێت، یا حەزت لێی نەبێت، چونکە ئەمە خزمەت بە دۆزێکی باڵاتر (حیزب، نەتەوە، مرۆڤایەتی) دەکات"، کە لەدەرەوە تێگەیشتنی تاکەکەوەیە. لیبراڵیزمیش موخاتەبەی بەناو سرووشتی ناوەکی خودی کەسەکان دەکات و دەڵێت "لەوانەیە بێزارکەر بێت بەلاتەوە، بەڵام گەر سەیری ناخی خۆتان بکەن، ئەوا دەبینیت لە سرروشتی خۆتدا هەیە ئەوە بکەیت.

 بەمشێوەیە "هەر دوو لیبرالیزم و تۆتالیتاریزم، سوبێکت بۆ چاکەی خۆیان بانگێشت دەکەن (ئەوەی وەک بەربەستێکی دەرکی دەردەکەوێت لە ڕاستیدا دەربڕی ویستە بابەتییەکانتە و تۆ خۆت پێت نەزانیوە)، بەڵام بە جیاوازییەکی بنچینەییەوە. لە تۆتالیتاریزمدا شتەکە بەسەر تاکەکەسەکەدا دەسەپێندرێت، تەنانەت گەر دژی ئیرادەی خۆشی بێت؛ بەڵام لیبراڵیزم خۆی وابەستەکردووە بە درککردنی ئازادانەی سوبێکتەوە لە خودی خۆی ("جاڕی ئەوە نادەم لە تۆ باشتر بزانم – بەڵام سەیری ناخی خۆت بکە و ئازادانە بڕیار بدە")[1]  بەم شێوەیە، لە لیبراڵیزم لە هەموویان زیاتر، ئازادی تیایدا کەمترە، چونکە نەک هەر کۆت و بەنددەکات و چوارچێوەکان دیاری دەکات، بەڵکو هەڵبژاردنە داسەپاوەکەشت وەک دەرخەری سروشتی خۆت دەخاتەوەڕوو. بەم شێوەیە نا-ئازادییەک ئەزموون دەکرێت، کە تەنانەت کەسەکان و سوبێکتەکانی ناوی هەر هەستیشی هەر پێناکەن پێیان وایە ئازادن. ژیژەک زۆر جار نموونەیەکی سادەی وەک دایک و باوکێک دەهێنێتەوە کە دەیانەوێت منداڵەکەیان ببەن بۆ ماڵێکی خزمیان. لە حاڵەتە ئۆتۆریتەییەکەدا، منداڵەکە دژ بە ویستی خۆی ناچاردەکرێت بچێت و هیچ هەڵبژاردنێکی ناخرێتە بەردەم هتد؛ ئەمە وادەکات هەستی تووڕەی و کۆتوبەندکراوی تیادا درووست ببێت، کە هەنگاوی یەکەمە بەرەو یاخبوون و درککردن بەو نائازادییە هەیە و هەوڵی گۆڕینی هتد. بەڵام لە حاڵەتی لیبراڵە موتوربەکراو بە پۆستمۆدرنیزمەکەدا، بژاردەی ئەوەی دەخرێتە بەردەم کە خۆی بە ویستی خۆی گەر بیەوێت بچێت و هیچ زۆرلێکردنێک نیە، بەڵام ئەوەش بزانێت کە بەچوونی چەندێک ئەوانی تر دڵخۆش دەکات. منداڵەکە نەک هەر دەچێت، بەڵکو دەبێت وا خۆشێ نیشانبدات کە چوونەکەی بە ویستی خۆیەتی و ئازادانەیە و چێژی لێدەبینێت. بۆیە، ئازادی هەڵبژاردن (Free Choice) هیچ نیە جگە لە کۆتوبەندترین جۆری ئازادی، چونکە نەک تەنیا هەر چوارچێوەی ئازادی هەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە (ص یا س)، بەڵکو هەروەها ئەمەش وەک هەڵبژاردنی ئازادانەی خۆت پێدەفرۆشێتەوە و تەواوی بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە سەرشانی خۆت، هیچ بوارێکیش بۆ یاخبوون و تێپەراندنی ناهێڵێتەوە، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنێکی سەپێنراوە کە دەرەکییە و شتێکی دەرەوەی کەسەکان خۆیانە و ئاسان نیە ڕازی بن پێی و بواری ڕەتکردنەوەی پەسەندنەکردنی هەیە.

ئازادی وەک چەمکێکی فەلسەفی

سۆرن کیرکەگاردی فەیلەسووفی دانیمارکی، کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە و زۆر بە تووندی لە ژێر کاریگەری ئاینی مەسیحییەتدا بوو و ناوەکەشی بە مانای حەوشەی کڵێسە دێت، زۆربەی نوسینەکانی دەربارەی دۆخە مرۆییە بنچینەییەکانی وەک ترس، سام و تۆقین، دڵەڕواکێ هتد.ن؛ ئەوانەش بەهۆی چەند ڕووداوێکی سەرەتای ژیانی و گیان لەدەستدانی چەندان کەسی نزیکییەوە بوو. ئەو گرنگییەکی زۆری بەم مژارانە داوە، و بەشێکی بەرچاوی ژیان و بیرکردنەوەی داگیکردبوو. دڵەڕاوکێ وەک دۆخێک بنەڕەتی دەبەستێتەوە بە هەستێکی ناوەکی ئینسان خۆیەوە، بەوەی کاتێک ڕووبەڕووی ئیمکان و بژاردەی بێسنووری دەرەوەی خۆی دەبێتەوە. ئەو دڵەڕاوکێ[2] دەبەستێتەوە بە ئازادییەوە، و  دەڵێت: "دڵەڕاوکێ سەرگێژخواردنی ئازادییە." بۆ ئەمەش نموونەی کەسێک دەهێنێتەوە کە لە لێواری خەرەندێک دایە و بەهۆی بژاردەکانی بەردەمییەوە، هەر ترس لە کەوتنە خوارەوە بۆ دڵەڕاوکێی سەیرکردنی خوارەوە خەرەندەکە و بیرکردنەوە لە خۆهەڵدانەوە خوارەوە و تا گەڕانەوە دواوە خۆ کێشانەوەی هتد، تووشی سەرگێژخواردن و هێڵنجدان دەبێت. بە واتایەکی کەمێک تەکنیکیتر، دڵەڕاوکێ بریتییە لە تێڕامان لە خەرەندی ئازادی و ئەو هەموو ئیمکانەی بەدوای خۆیدا دەیهێنێت. مەبەستیش لەمە، ئەو کاریگەریی و شوێنەوارە بوو، لەوەی کاتێک ڕووبەڕووی ئەو ئیمکان و دەرفەت دەبینەوە، دەتوانین هەموو شتێک بکەین بەڵام نازانین پێویستە چی بکەین. بۆ نموونە، کاتێک دانیشتووین و بیر لەو هەموو ئەگەر و ئیمکانە دەکەینەوە کە لەبەردەمماندا و پلانیان بۆ دادەنێین جێبەجێیان بکەین، ئەوا بێهەژمار ئەگەر و شیان هەیە هەڵیانبژێرین. لە ئاستی بیرکردنەوەدا دەتوانین هەموو شتێک بکەین، هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام خاڵی گرنگ چۆنیەتی بەدیهاتنیانە؛ کاتێک هەموو کەسێک لە خەیاڵی خۆیدا خەونی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشت... بەڵام کە لە ئەرزی واقیعدا دەمانەوێت بەدییانبهێنین، وامان لێدەکات بکەوینەوە دڵەڕاوکێی و نادڵنیایی ئەوە چۆن و چییان هەڵبژێرین و چۆن دەستپێبکەین. ئەم ئیمکانی توانای ئەنجامدانی هەموو شتێک، لە ئاوەژووبوونەوە دیالەکتیکییەکەیدا بریتییە لە ئەنجامدانی هیچ شتێک.  سا بۆیە، پێویستە بڕیاربدەین شێوەیەک هەڵبژێرین. ئەمەش لەسەر حسابی هەموو ئەوانەی ترە، کە هەڵیاننابژێرین.

خودی ئەم دڵەڕاوکێیە بەهۆی ئەوەوەیە، ئازادیمان هەیە هەڵبژێرین. بۆیە،  ئەم کەڵکەڵانە  خۆی دڵەڕاوکێی هەڵبژاردنی شتێکدا دەبینێتەوە لە بەرامبەر کۆمەڵە شتێکی تردا. بە واتایەکی تر، هەر هەڵبژاردنێک، واتای هەڵنەبژارادنی کۆمەڵێکی دیکەیە؛ هەر ڕێچکەیەک کە دەیگرینەبەر، واتای ئەوەی کۆمەڵێک ڕێچکەی تر هەبوون چیتر پیایدا تێپەڕنابین.[3] بەمشێوەیە، وەک کیرکەگارد ئاماژەی پێدەدات، پێویستە ڕووبەڕووی نادڵنیاییەکانی ژیان ببینەوە و بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنەکانمان بگرینە ئەستۆ، گەر بمانەوێت ئازاد بین.  سەردەمانی زوو، گوێدرێژێک هەبوو، کە هەم  بوو و هەمیش برسیی، و لە نێوان کادانێک و ئاوێکدا گیریخواردبوو و نەیدەزانی بچێت بەکام لایاندا، لە ئەنجامدا هەم لە توینێتی و هەمیش لە برسێتیدا سەردەنێتەوە. ناتوانین لە هەڵبژاردنی دوو شتی هاوتادا شوێن لۆژیک بکەوین. پێویستە جۆرێک لە سنووردارکردنی خۆمان بەرجەستەبکەین لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا. بە واتایەکی دیکە خۆمان بۆ شتێک تەرخان بکەین، کە وامانلێبکات نەتوانین هیچی تر بکەین، بەمەش بپەرژێینە سەری و لە خەیاڵماندا بێت و بزانین چیدەکەین، چونکە دیاریمان کردووە چی بکەین پێشوەختە، و جۆرە ناچارییەک وامان لێبکات زۆر داهێنەرانەتر بین، لە کاتێک کە دەرفەتی بێ‌شوومارمان لەبەردەمدایە.

سابۆیە جۆرێک لە سەرشێتی لە ئازادیدا هەیە، بەهۆی ئەو هەموو فشار و تەوژمەی وەک مشەخۆرێک دەیخاتەسەر ژیانی و دەبێت هۆی تێکدانی، خۆی دەردێکی بێ‌دەرمان دەخاتەڕوو:

 "کەواتە بەمشێوەیە – وەک هیگڵ و کانت بۆیچووبوون - ئازادی ڕادیکاڵ وەک مشەخۆرێکە بەسەر ژیانە ئۆرگانیکیە خۆشگوزەرانەکەمانەوە، شتێکی تێکدەر و خۆ-وێرانکەرە، بە تێگەیشتنە فرۆیدییەکە شتێکە "لەودیو پرەنسیپی چێژ"ـەوە... لە ڕوانگەی کانتەوە، ئازادی چوونیەکی تەواوەتی لەگەڵ یاسا ئەخلاقییەکاندا هەیە، ئەویش بە واتای ئەوەی تەنها بەهۆی ئازادییەکەمانەوەیە، کە دەتوانین سەربەخۆ کردەوەکان ئەنجام بدەن (بەبێ هیچ هۆکارێکی پاتۆلۆژی)، بەڵام ئەمە لە هەمان کاتیشدا دزەکەرێکی بەزبر و تراوماییە بۆ سەر ژیانە ئاساییەکەمان [..] ئازادی لە بنچینەیترین شێوەیدا نەخۆشییەکە – بۆیە هەر وەک کانت ئاماژەی پێدەکات – بوونی مرۆیی ئاژەڵێکە کە پێویستی بە سەروەرێکە بۆ ئەوە دیسیپلین/پەروەردەی بکات.[4]

بەمجۆرە، ئازادی ڕاستەقینە لەڕێی خۆسنووردارکردن یاخود خۆ-وابەستەکردنمانەوە بۆی یەک شت (دۆز) زیاتر بەدەستدێت. تەنها دوای ئەوەی یەکێکمان هەڵبژارد، ئینجا تێدەگەین لۆژیک و حساباتەکەی پشتەوەی چی بوو. تەنها دوای ئەوەی ئاشقبووین، تێدەگەین لۆژیکی پشتەوەی چی بوو، هەموو ئەو هۆکارانە ڕیز بکەین کە وایکرد بگەین بەو ئەنجامە. هەمان شتیش بۆ هەر باوەڕییەک کە هەمان بێت ڕاستە، چونکە هەڵبژاردنەوەکە، هەڵبژاردنێکی سوبێکتیڤی و لایەنگیری دەبێت، نەک ئۆبێکتیڤ و بێلایەن، وەک کیرکەگارد ئاماژەی پێدەکرد: "من ئیمان ناهێنم دوای ئەوەی ئاینگەلێکی جۆراوجۆرم تاقیکردنەوە بە شێوەیەکی ئۆبێکتیڤ بڕیارمدا بۆ نموونە مەسیحیەت باشترینە. بەڵکو ئەوەی پێویست قەڵەمبازێکی ئیمانییە. هیچ هۆکارێک نیە بۆ هەڵبژاردنی مەسیحیەت، تەنها دوای باوەڕ هێنان پێی هەموو هۆکارەکان دەردەکەون". هەروەها، گیۆرگ لۆکاچ لە کتێبی ئاگایی و مێژووی هۆشیاری چینایەتیدا، لە بەرامبەر پۆزتیڤیستەکاندا خستییەڕوو، بەوەی مارکسیزم و هەر ئایدیایەکی دیکەی ڕزگاری، "پارادۆکسی زانینێکی ئۆبێکتیڤ و 'ڕاستەقینە'ن، کە تەنها لەڕێی پێگەیەکی لایەنگیریی سوبێکتیڤەوە دەتوانرێت دەستیان‌پێڕابگەینرێت." بەمەش لە بێ‌بڕیارییەوە دەگوزینەوە بۆ سەر جۆرێک لە دڵنیایی..

  هەموو هەڵبژاردنێکمان بەشێوەیەکی ئازادانە، بریتییە لە خۆ تەرخانکردنمان بۆ دۆزێک، بۆ ڕێگایەک، کە پێویستە لەسەرمان بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنەکەمان هەڵبگرین و ڕووبەڕووی نادڵنییاییەکانی ببینەوە.  بە واتایەکی دیکە، بەمە ئازادی هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنینەوە. و تەنها دوای ئەوەی ڕێگەکەمان هەڵبژاردن، هۆکارەکانی بەشێوەیەکی پاشەوپاش (ڕیترۆئاکتیڤ) دەردەکەون، کە چیبوون وایانکرد ئەوە ڕێیە هەڵبژێرین.

ئازادی و ناکامییەکی

ئالان بادیۆ لە دەستپێکی کتێبی ژیانی هەقیقی‌دا، باس لەوە دەکات ئەرکی سەرەکی فەلسەفە، لە هەر لە سۆکراتەوە، بریتی بوو لە "گەندەڵکردن"ـی گەنجان. "گەندەڵکردن" بەو واتایەی لەو ژیانە سەردەستەی ناو ئایدۆلۆژیای باڵادەستی سیستەم دایانببڕن، (بەوەی چیتر تەنها بێباکانە دوای ئامانجە تاکەکەسییەکانی ژیانیان نەکەون، و ڕۆژانە بچنە بۆ سەر کار، ئوتومبێل لێخوڕن و گۆشت بخۆن و پاشماوەکانیان لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بکەنەوە هتد.) وایان لێبکەن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بیربکەنەوە. بیرکردنەوەش وەک ئەرکی لەپێشینەی، هەر لە دەستپێکەکەیەوە بریتیی بوو لە ڕەخنەکردنی جیهانی چواردەورمان، ڕەخنەکردنی ئەو پێدراوانەی وەک ڕاستی و هەقیقەت، بێ هیچ لێپرسینەوە و چەندوچوونێک دراون پێمان، و وتنی "بۆچی؟" بوو. بە واتایەکی دیکە فەلسەفە ئەو کاتە دێتەکایەوە کە ئەوەی وەک ئەمر واقیع قبووڵکراوە ڕەتبکەینەوە و بیخەینەژێر پرسیارەوە.  لەمڕۆدا هەموومان بە گشتی کەوتووینەتە ژێر خراپترین جۆری ئازادییەوە، بێ ئەوەی خۆمان هەستی پێبکەین. لەوەش خراپتر، ئەم نائازادییەمان لە کەوڵی ئازادی ئەزموون دەکەین و  پێماندەفرۆشرێتەوە. کاتێک ئیشێکی جێگیرمان دەستناکەوێت، پێمان دەڵێن ئێوە ئازادی ئەوەتان هەیە لەناو ئیشێکی چەسپاودا گیرنەخۆن و ئازادانە هەر ماوەیەک بچنە سەر ئیشێکی تر، و ئەوەی شوێنێکت نەبێ و هەر ڕۆژە و لە جێیەک بی، وەک ئازادی نەبەسترانەوە بە شوێنێکەوە دەخرێتەڕوو، بە کورتی ئازادی ئەوەی هەموو ڕۆژێک سەرلەنوێ خۆمان بەرهەم بهێنینەوە، بەڵام خۆیەکی نوێتر هتد..

ئەوەی وادەکات  ئەم جۆرە شێواندنەوە ڕووبدات، ناوی ئایدۆلۆژیایەکە کە هۆشیارییەکی ساختە بەرهەمدەهێنێتەوە. ئایدۆلۆژیا لە واتە بنەڕەتییەکەیدا، بریتییە لە سیستەمێکی درووستکەری ئارەزووەکان، کە لە ناو فەوزا و کایۆسی ژیانماندا جۆرە نەزمێک دێنێت، بەوەی پێمان دەڵێت چۆن بیر بکەینەوە، چۆن ئارەزوو بکەین، چۆن بجووڵێینەوە، و بە گشتی  چوارچێوەیەکی فەنتازیمان بۆ دەکێشێت تاوەکو تیایدا ئاسوودەبین و هیچ شتێک خەیاڵ و مێشکمان داگیرنەکات. کارکردی سەرەکی ئایدۆلۆژیا، زیاتر لەوەی پەیوەست بێت بەوەی کە خەڵک باوەڕی پێیەتی، پەیوەستە بەپیادەکردن و ئەو پراکتیزانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، چونکە زۆربەی جار دۆخێکی باڵادەست ئەوە نیە کە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکانی ناویدایە، بەڵام لەبەرئەوەی ڕۆژانە بەشدارن لەناویدا و پێکدەهێننەوە، وا دەکات ڕەوشەکە بەو شێوەیە و بەردەوام دەبێت. بە واتەیەکی دیکە، تەنانەت گەر بڕواشمان بەوە نەبێت کە دەیکەین، بەڵام لەبەرئەوەی ڕۆژانە دەیکەین ئەوا کەوتووینەتە ناو پیادەکردنێکی ئایدۆلۆژییەوە و وێنەیەکی ئاوەژووبووە و ساختەی پرۆسە واقیعییەکانی ژیانمان لا درووستبووە.

ئایدۆلۆژیا کە دەکرێت گەر ڕیسکێکی تیۆری بکەین، بڵێین ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر چەمکی ئایدیالیزم خۆی. ئایدیالیزم بەشێوەیەکی گشتی، بە هەموو جۆرەکانییەوە پێداگیری لەسەر بوونی موتەڵقێک دەکات، کە کەماڵە کەوتۆتە دەرەوەی خۆمان و جیهانەوە؛ لە بەرامبەر ئەمەش، ماتەریالیزم [ـی دیالەکتیکی] لە نەریتە هیگڵی-مارکسییەکەیدا، دەیەوێت ئەم موتڵەقە بهێنێتەوە ناو جیهانی ناکەماڵ و کەم و کوڕی و درز و کەلێنەکانی بخاتەڕوو. سادەترین نموونەی ئەمە دەکرێت بڵێین، گەر بەناو شێوە ژیانی ئایدیالیستانەی سەلەفییەک بریتی بێت لە تەقلیدکردنەوە و لاساییکردنەوە ژیان و خوو و هەڵسان و دانیشتنی پێغەمبەر بەشێوەیەکی دەروونپەشێوانە؛ ئەوا ڕەخنەی ماتریالیستی، هیستریاکردنەوە و خستنەژێر پرسیاری ئەم کردە و پراکتیزە ئایدۆلۆژییەیە دەروونپەشێوەیە. دەروونپەشێوی بە سادەیی واتای چەقبەستن و وابەستەبوونێکی دۆگماتیکییە بە دنیابینییەکەوە.

بەوجۆرە، ڕۆژانە بەردەوام لە ژێر ماشێنێکی ئایدیۆلۆژی گەورە و قەبەداین، بانگمان دەکات بەختەوەر بین و چێژ بینین، چۆن بژین و چی بکەین و چی نەکەین. 'بانگکردنی ئایدۆلۆژی' یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی لویس ئاڵتۆسێری فەیلەسووفی فەرەنسییە. ئەم بانگکردنە، وەک ئەوەیە کاتێک پۆلیسێک هاوار دەکات 'هێی تۆ'؛ تۆش ئاوڕ دەدیتەوە بێ ئەوەی هیچ ناوت هاتبێت، یا دڵنیا بیت کە مەبستی خۆتە. بەم ئاوڕداوەیەشت وەڵامی بانگکردنەکەیت داوەتەوە، پێشوەختە کەوتوویتە ناو سیستەمەکەیەوە و لە تاکێکی پەتییەوە کەوتوویتە بوویت بە سوبێکتێک(Subject)[5]. ئاڵتۆسێر شێوازی باڵادەستبوونی دەوڵەتی دابەشکرد بۆ دوو بەش، کە ئەوانیش دەزگا سەرکووتکارەکان (پۆلیس، سوپا، هتد) و لەگەڵ دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی بوو. دەوڵەت، لەگەڵ هاتنی کۆمەڵگەی مەدەنی و فرەجۆربوونی شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە چیتر پێویستی بە دەزگا داپلۆسێنەرەکانی نەماوە، بەڵکو بە شێوەیەکی نەرم، زۆر خراپتر لەوەی پێشوو تاکەکان دەکات بە سوبێکت و بۆناوی خۆی ڕایانی دەکێشێت. گەر لە شێوازی یەکەمدا بەهۆی خەسڵەتە سەپێنەرەکەیەوە، بواری بۆ یاخبوون و بەرەنگاری کردبایاتەوە، ئەوا لە فۆرمی دووەمیاندا بەهۆی بەکارهێنانی شێوازگەلی دیکەوە، ئاسۆی ئەم دەرفەتەشی تەمومژاوی و لێڵ کردووە. لەم پرۆسەیەدا دەوڵەت، لەڕێی دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی وەک قوتابخانە، مزگەوت، زانکۆ، تەلەڤیزیۆن هتد بانگی تاکەکان دەکات بۆناوی خۆی، تاوەکو بەو جۆرەی کە خۆی دەیخوازێت بەرهەمیان بهێنێتەوە و ئاڕاستەیان بکات و جڵەوگیریان بکات.

ئەم دەزگا ئایدۆلۆژییانە ڕۆژانە بەردەوام بانگمان دەکەن، ئازادانە سەر لە نوێ خۆمان نوێبکەینەوە، ئەمڕۆیەکی جیاوازترمان هەبێت لە دوێنی، ئەزموون و شتی نوێ تاقیبکەینەوە و لەگەڵ سەردەمەکدا بمێنیتەوە بۆ ئەوەی بە ڕاستەقینەیی و ڕەسەنی(authentic) بمێنیتەوە. بۆ ئەمەش، دەبێت بەردەوام خودێکی نوێ و دیکەی خۆت لەڕێی جلوبەرگ و مۆسیقا و ستایل و هەروەها وێنەکانی سەر پرۆفایل و سەر فەزای مەجازی ئینتەرنێت هتد.ەوە بخەیتەڕوو. خاڵی پارادۆکسی ئەمە، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کاتێک ئێمە بەردەوام خۆمان نوێدەکەینەوە، دەبێت شکڵێکی دیکەی خۆمان بۆ ئەوانی دیکە بخەینەڕوو و جێی‌ڕەزامەندی ئەوان بێت. بەواتەیەکی دیکە، گەر بمانەوێت بەتەواوەتی "خۆمان" بین و بوونی ڕەسەنی خۆمان بدۆزینەوە و بەتەواوەتی خۆمان دابڕین، ئەوا تەنها وەک گەمژەیەک دەردەکەوین و هیچی تر؛ بە پێچەوانەشەوە گەر لەگەڵ دوا شێوە ژیان و فاشیۆن و ستایل و مۆسیقادا هاتین و بەردەوام خۆمان لەگەڵیدا گونجاند، ئەوا وادەردەکەوێت پەیوەست بە سەردەمەکەوە بین و ڕەسەنێتی خۆمان بخەینەڕوو. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، تا زیاتر بەدوای خودێکی "ڕاستەقینە"تری خۆمانەوە بین و زیاتر ملکەچبکەین بۆ ئەم فەرمانە، زیاتر تووشی خەمۆکی و گوومان دەبینەوە، بەوەی ناتوانین بگەین بەو فەنتازیا و خەیاڵاتانەی لێمان داوادەکرێت و بووەتە بەشێک لەو فشارە داسەپاوە ئایدۆلۆژییەی وەک سوپەرئیگۆیەک[6] ئیشدەکات بەسەرمانەوە، بەردەوام داوای تێرنەکراوی تر و نوێی هەیە کە بەدیناهێرێت.

ئەو وەعزدانە قێزەونەی ئێستاش، کە هەموو لایەنێكی ژیانی گرتۆتەوە و ناوی گەشەپێدانی-خودە، کار لەسەر وەبەرهێنان لە خوددا دەکات، لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری ئەم دۆخەیە. پێمان دەڵێت، ئێمە کاتێک ژیانێکی نالەبارمان هەیە، کێشەکە لەوەدایە نەمانتوانییەوە حەکایەتەکەی خۆمان بگێڕینەوە و وەبەرهێنانی تیابکەین، چیرۆکێک بگێڕینەوە لەسەر خۆمان و تیایدا ژیانمان وەک کاڵایەک بخەینەڕوو بۆ فرۆشتن (هەر خودی سی‌ڤی CV  کاتێک پێشکەشی شوێنێک دەکرێت بۆ ئیش، تیایدا هەموو ئەو حەکایەتانە دەگێڕینەوە کە کردوومان و هەموو ئەو کارە خۆبەخشانە دەخەینەڕوو کە ئەنجامانداون، بەشێکە لەم لۆژیکە). لێرەوە کەسەکان بەپێی ئەو خۆ بەکاڵاکردنەی خۆمان پۆلێن دەکرێن کاڵاگەلی خاوەن بەهای بەرز یا نزم، و کەسی سەرکەوتووش ئەوەیە کە زیاتر خۆی بکات کە بەکالایەکی خاوەن بەهای بەرزتر بۆ سیستەمەکە، تاوەکو بتوانێت وەربەرهێنانی پێوە بکات، و ئەمەشی وەک خۆ-ڕزگارکردن پێدەفرۆشرێتەوە. بۆیە بەمجۆرە، کاتێک ژیانێکی شکستخواردوو و قورس و پڕ لە نەهامەتیمان هەیە، ئەوا پێماندەوترێت خەتاباری سەرەکی خۆمانین نەک کەسی دیکە، ئەوە خۆمانین کە نەماتوانییوە سوود لەو بەناو ئازادییە وەربگرین حەکایەتێکی سەرنجڕاکێشی خۆمان پێشکەشبکەین و خۆمانین کە بەکەڵکی هیچ نایەن و هتد. دەرئەنجام، بەمشێوەیە ئەمە پێدەنێتە سەر تەمومژاویکردن و لێڵکردنی ئەو چەوسانەوە سیستەمییەی کە هەیە و ژیانمانی ڕەنگڕێژکردووە، بەوەی هەمووی وەردەچەرخێنرێتەوە سەر خۆمان.

 بوونگەرایش، بەشێوەیەک لە شێوەکان، لە هەوڵدانی بۆ درووستکردنی بوونێکی ڕەسەندا، کەوتۆتەوە ناو هەمان لۆژیکەوە. بەوەی کێشە وجوودییەکانی کەسەکان و چۆنیەتی ڕەوایەتیدان بە بوونی کەسەکان خۆیان و دۆزینەوەی مانا لە ژیانیاندا، دەکەوێتەوە ناو هەمان ئەو هاوشوناسبوونە لەگەڵ شێوەژیانی بەکاڵایکراودا، کە ئەویش خۆنوێکردنەوە و خۆنمایشکردنەی بەردەوام و لەکۆتانەهاتووە. بەپێی سارتەر هەرچەندە دۆخە درەکیی، مێژووی، ئابووری، کۆمەڵایەتیەکان هتد کاریگەری دیارکەریان هەیە لەسەرمان، بەڵام ئازادی بریتییە وەڵامدانەوەی کەسەکان بۆیان و چۆنیەتی لێکدانەوە و کاردانەوەیە بەرامبەری بەو بەربەستە دەرەکییانەی کە هەن؛ هەر لێرەشەوەیە، درووشمە بەناوبانگەکەی بوونگەرایی بریتییە لە "ئازادی بریتییە لەوەی کە تۆ ئەنجامی دەدەیت، لەبەرامبەر ئەوەی بەسەرتدا هێنراوە". ئەدۆرنۆ، لە لایەکی ترەوە، بە چاوێکی ڕەخنەیەوە سەیری ئەم ڕستەیە دەکات، گومانی لەوە هەیە لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا بکرێت تاکەکەس بەتەواوی ئازاد بێت، چونکە ئەوەی دەبینی چۆن هێزە سیستەمییەکان (وەک بازاڕ، کلتوری گشتی، و دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی) کار لەسەر تاکەکەس دەکەن و ئازادییەکەییان سنووردار دەکەن. ئەدۆرنۆ پێی وابوو ئەو کێشە سەرەکییەی ڕووبەڕووی سوبێکتی سەرمایەداری بۆتەوە، کێشەی درووستکردنی خودە؛ ڕەخنەی ئەوەی گرت، کە بوونگەرایی پێی وایە، دەکرێت لە سەرمایەداریدا هەستی نامۆبوونت لا درووست ببێت، بەڵام گەر کاڵا ڕاستەکەت دۆزییەوە، ئەوا هەموو شتەکان باش دەگوزەرێن بۆت. بە واتایەکی دیکە، برەوەی بەو ئایدیایە دەدات کە پێویست ناکات خۆت بە هیچ کێشەیەکەوە سەرقاڵ بکەیت، لە هاوشوناسبوون لەگەڵ جۆرە شێوەژیانێکی تایبەت و تەرخانکردنی کۆی ژیانت بۆ دۆزینەوەی ئەم ستایلەی ژیان، کە ئەویش بریتییە لەوەی چی خواردنێک بخۆیت، چی جلێک لەبەر بکەیت و گوێ لە چی بگریت و سەیری چی بکەیت، چی سەیارەیەکت پێ بێت، هەموو کێشەکانت دەڕەوێنێتەوە. بۆیە دەکرێت دڵت خۆشنەبێت و خەمبار بیت، بەڵام گەر وێنەیەکی جوانی خۆتت دانا لە کەیف و سەفادا بیت، ئەوا ئەم کێشە وجودیانەشت بەبادادەچێت!  ئەمەش هیچ نیە جگە لە بەکاڵاکردنی خودی ژیانی خۆمان، بەوەی خەریکی فریودانی خۆمانین لەڕێی وابەستەبوون بەو فیتیشانەی کە وادەکەن بەردەوام بین لە خەونبین و خەونەکانمان نەزڕێنن، لە جیاتی ئەوەی بێداربینەوە و دەست بۆ سیمپتۆم و دەردەنیشانەی کێشە سەرەکییەکان ببەین.

بۆیە خاڵی هەرە گرنگ لێرەدا، ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ئەم خەیاڵات و فەنتازیا[7]یانەیە، بەوەی لێیان‌ڕابمێنین چەندێک هی خۆمان و زەروورەتی ژیانی خۆمان پێکهێنەری سەرەکی و ئازادانەیان بوون. چونکە زۆرجار سەرەڕای ئەوەی وادەردەکەون فەنتازیاکان گەر هی کەسەکان خۆشیان بن، بەڵام لە بنەڕەتدا تەنیا ڕاگرێکن تا ئەو ماڵە لە کەڵکدروستکراوەی ژیانیانی ڕاگرتووە با نەیبات، و وایکردووە لە مەودایەکی ئارامەوە بەشێوەیەکی سەگباوەڕی (Cynical) بژین و خەیاڵێکی ئاسوودەیان هەبێت، چێژ لە سەرکووتکردنی خۆیان بینین و کێشەیان نەبێت لەگەڵ چەوسانەوەیاندا، چونکە ئەم فەنتازیایانە چوارچێوەیەکی لیبیدۆیانی بۆدابینکردنەوە لێوەی چێژببینین و بێ ئەمانە وادەردەکەوێت کۆی مانای ژیانیان هیچ بێت و لێکهەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەم فانتازیایانە، پاڵنەر(drive)ـی ژیانیانی ڕاگرتووە. بۆ نموونە کاتێک کەسێک ئیشێکی تاقەت پڕووکێنی پڕ لە چەوسانەوە دەکات، ئەوە بۆ نموونە فەنتازیای دەوڵەمەندبوونە وادەکات ئەم پاڵنەری ئیشکردنەی بەردەوام بێت و سەرەڕای چەواسانەوەکەشی هێشتا هەر بەچێژ بێت.

خاڵی گرنگ لێرەدا، هەر وەک لاکان ئاماژەی پێدەکات گۆڕێنی فەنتازیاکانمانە، بەمشێوەیەش لەڕێی ئەوەوە پاڵنەرەکانیشمان دەگۆڕێن. سابۆیە، گەر ئەمانە هەمووی فەنتازیا بنچینەیی پێکهێنەرمان بنو هەروەها بەشێکی سەرەکی واقیعی ژیانی ڕۆژانەش بن، ئەوا ئەرکی سەرەکی و کردەی ڕادیکاڵ، بریتییە لە تێپەڕین-بەناو-فەنتازیادا[8]. بەوەی تێبگەین ئارەزووکانمان چۆن کاردەکەن، کارکردی بەختەوەری چۆنە، چۆن چێژبینین، بۆ ئەمەش دەروونشیكاری [لاکانی] یارمەتیدەرێکی باش دەبێت؛ بەوەی فێرماندەکات ئامانجەکە گەیشتن نیە بە ئارەزووەکە، بەڵکو ئەو ڕێگەیە کە پیایادا تێپەڕدەبین. بە واتەیەکی دیکە پارادۆکسی ئارەزوو لە هێشتنەوەی مەودایەکدایە لەگەڵ دەستپێڕاگەیتشن پێیدا. بەمجۆرە، وا دەکات نەکەوینە ژێر فشاری ئەو هەموو فەرمانانەی ڕۆژانە دەبارێن بەسەرماندا و لە لۆژیکی زیادە-چێژ تێبگەین کە وەک لەناوەکەیدا دیارە ئیمکانی دژەکەشی خۆشی لە خۆیدا هەڵگرتووە، ئازاریش هەر بەشێکە لە لۆژیکەکەی. ئەوە لەناو سەرمایەداریدا ڕوودەدات لەگەڵ ئەم لۆژیکەدا ئەوەیە، وادەکات بکەوینە سەر ژماردنی چێژەکانمان، ئیتر بەهۆی ئەمەوە چیتر چێژەکانمان چێژ نین بەڵکو چێژی کۆکردنەوە ژماردنی چێژن، بەوەی چێمان کردووە و چۆن خۆمان لەبەرامبەر کەسانیتر بخەینەڕوو بەوەی چیمان کردووە و چەندێک دانپێدانراوین لەلای ئەوانە و کۆی نەزمی ئەویتری گەورەوە. لە جیاتی ئەوەی ڕۆژانە کاری تاقەتپڕوکێنی قورس بۆ بەرهەمهێنانەوەی سیستەمەکە بکەین و ڕازیبین بە چیژ و پاداشتی سیستەم خۆی، درک بە بێمانایی ئەوە بکەین کە دەیکەین و خود-ئاگایی ئەوە پەیدا بکەن کە تەنها بووین بە ئامڕازێکی بەرهەمهێنانەوەی کۆی دۆخە، ئەم درککردنەش وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو ئەوەی کۆی فەنتازیاکانمان بگۆڕین و سەرلەنوێ لەڕێی پاڵنەری نوێی دیکەوە دەستپێبکەینەوە بەشێوەیەکی جیاوازتر و دووور لەو هەموو حساباتە قێزەون خۆپەرست و پەرژوەندی‌پەرستانە خراونەتە بەردەممان. تێبگەین ناخمان هیچ نیە جگە لە هەندێک حساباتی خۆپەرستانە و شتگەلی قێزەون. بە واتایەکی تر ئەوەی هەیە لە ڕواڵەت‌دایە و لەوەدایە کە دەرکەوتووە؛ هەر ئەمەش چەقی پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان ناوەڕۆک و ڕواڵەتە. ئەوەی پێمان وایە لە ژێر لە پەردەی ڕواڵەتدا ناوڕۆکێک هەیە هەیە خۆشحەشارداوە، هیچ نیە جگە لە خۆ فریودانێک، چونکە ناوەڕۆک هەر ئەو فۆرمەیە کە وادەرکەوتووە و لە ڕواڵەتدایە. بە دەربڕینێکی تر، ئێمە هەر ئەوەیەن کە لە ڕواڵەتمان دەردەکەوین، پێویست ناکات کە کاتێک یەکێک دەبینین پێمان وابێت لەودیو ئەمەی کە دەرکەوتووە شتێکی تر هەیە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە هیچ شتێکی تر نیە، لەوانەیە هەبێت بەڵام هەندێک شتی بێمانا و ناجۆر بێت. بەم‌شێوەیەش بەرپرسیارێتی ئەخلاقی گەورە لەم ڕوالەتەشدایە، بەوەی چەندێک دەتوانین حساباتە قێزەون و خۆپەرستەکان دەرنەکەون و زەرەر نەگەینن بە ئەویتر. هەمان شتیش بۆ نەستیش هەر راستە، بەوەی ئەویش زەخیرەی کەڵەکەبوونی ناوەڕۆکانی ناو زەینمان نیە بەڵکو، ڕواڵەتێکە لە شێوەی دەستێوەردەرێکی غەریبەدا دێت و دەستوەردەدات و مانای نوێ درووستدەکات کە خۆشمان دەتاسێنێت، بەوەی چۆن هەستمان پێنەکردوو تا ئێستا، کرۆکێکی جڵەونەکراو و زیادەی دەرەوەی سوبێکت خۆیەتی، کە وادەکات سەیروورەی نوێبوونەوە و گۆڕان درووستبکات. سابۆیە نەستیش زەخیرەی چەپێنراوەکانمان نیە کە ڕێگری بکەن لەوەی ببن بە خودێکی راستەقینە.

بەم جۆرە تێپەڕین بەناو فەنتازیادا، بریتییە درککردن بەوەی هیچ شتێک لە ژێرەوە نیە و حەشارنەدراوە، بەڵکو کەشفکردن و وەدەرنانی ئەم فەنتازیایە کە ئەمەی هێناوەتە کایەوە؛ و دەرچوونە لەو سووڕەی ناو سیستەمی سەرمایەداری کە لەڕێی بانگەشەکردن بۆ ڕەسەنێتی و خودبوونەوە، تاکەکان لەناو بەرخۆری و بەکاربەری خۆیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. ئەو کاتە ئازادیت کە خۆت دەناسیت و هەموو ئەو وەهم و فەنتازییانەی بەخۆتەوە کردوون لێدەکەیتەوە. ئەمەش لەڕێی خۆتەرخانکردنەوە بۆ یەک ئامانج و دۆز، بەشێوەیەک کە کۆی ژیان لەپێناویدا، ئەم لە دەروونشیکاری لاکانی پێی‌دەوترا هەژارکەوتنی سوبێکت (Subjective Destitution)؛ لەم ڕێیەوە کەسەکان بەر ناوک و کرۆکی نەفی و بۆشی خۆیان دەکەون و جۆرە بەتاڵبوونەوەیەک ئەزموون دەکەن و ئەو نوقسانییە پێکهێنەرە قبووڵ و هەوڵی پەردەپۆشکردنی نادەن لەڕێی فەنتازیاکان و هاوشوناسبوونە خەیاڵییەکانەوە، دووبارە هەوڵدانە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی تەواوەتی هەموو ئارەزووەکان کە درووستی دەکرێنەوە، بێ ئەوەی بخرێنە پاڵ هیچ زامنی ئەویترێکی گەورەوە. ئەم خۆتەرخانکردنە بۆ ئامانجێکی تاقانە، دوور لەوەی هەڵبژاردنی شێوە ژیانێکی ڕەبەنی و خۆگرتنەوە لەهەموو شتێک بێت، هۆکارێک بۆ ئەوەی وابکات چێژ لە هەموو ئەو شتانەی دەرەوەی دۆزەکەش وەربگریت. ژیژەک لە پێشەکی کتێبی کەمتر لە هیچ دا بەم دێرەی ژیانی خۆی دەخاتەڕوو: "ژیژەک لە دیکبووە، کتێب دەنوسێت، و ڕۆژێکیش دەمرێت." بەمجۆرە لەڕێی خۆتەرخانکردنییەوە بۆ دۆزێک کە نوسینە، دەتوانێت بچیتە دەرەوە، سەیری فیلم و شانۆ بکەیت هتد، بەوانەی ئەمانەش هەر دەچنەوە ناو هەمان پرۆسەی مانا پێدانەوە بەو ئامانجەی کە هەیەتی و شتێکی دابڕاو نین لێی. بەمجۆرە، وەفاداردەمێنینەوە بەرامبەر ئارەزووەکانمان بەوەی ئامادەنابین لەپێناو چێژە ساتەوەختییەکاندا بیانکەین بە قوربانی.

*****

 ڕەشبینی تیۆری و گەشبینی لە ئیرادەدا

"پێویستمان بە ئافراندنی کەسانی سەنگین و بەسەبرە، کە شتە هەرە تۆقێنەرەکان تووشی نائومێدییان ناکات، و هەروەها بە شتە بچووکەکانیش نایانوروژێنن. ڕەشبینی زیهنیی، و گەشبینی ئیرادە." ئەمە وەسفی ئەنتۆنیۆ گرامشی، فەیلوسووف و سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا (کە ماوەی بیست ساڵی کۆتای ژیانی لە زینداندا بەسەر برد) بوو  بۆ کەسێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ، کە بتوانێت گۆڕانکاری ڕیشەیی درووستبکات. ڕەشبینی زیهنیی، ڕەنگدەرەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووەوەیە کە تێیکەوتووین، هێنانە بەر دیدی ئەو هەموو خراپەکاری و وێرانکارییە کە ڕوودەدات، خۆ نەگەوجاندنە بە بیرکردنەوەی گەشبینانە، بەوەی هەموو شتێک باش دەبێت؛ بەڵام سەرەڕای ئەمانە خاڵی ئەساسی خۆبەدەستەوەنەدان و بەرەنگاربوونەوەیەتی کە دەبێتە مایەی گەشبینی لە ئیرادەدا.  

بە پێچەوانەی عیرفانیەتەوە کە وادەکات هیچ نەکەیت و ژیان وەک تەنیا نەهامەتییەک بینینی و ڕزگاری لە سکوون و سرەوتێکی نەبووندا ببینییتەوە (کە بریتییە لە مردن و کۆتایی ژیان)، ڕەشبینی ڕادیکاڵ بریتییە لە لێوردبوونەوە لە ڕیشەی چەرمسەری و نەهامتییەکانی خەڵک و هەوڵدان و بەرەنگاربوونەوە و هەوڵی گۆڕینی کۆی ئەو دۆخەیە کە ئەمەی هێانوەتە بوون. "ئەخلاقی ڕەشبینی ڕاستەقینە مەجبوورە بانگەشە و برەو بە هەوڵوەشانەوەی هەموو ئەو بوونیادە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بدات، کە دەبنە هۆی درێژەپێدان و هێشتنەوەی نایەکسانی و ئازارچەشتن."[9] بەمجۆرە، بەشوێنکەوتنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێتە مایەی هێنانەئارای دۆخێک کە ئەم ڕەوشە نالەبارە بڕەوێنێتەوە و هاوسۆزییەکی سرووشتی گشتگیر بهێنێتە کایەوە. بەم جۆرە وەک کافکا ئاماژەی پێدەکات، "هیوا هەیە... بەڵام بۆ ئێمە نا؛ یاخود لایەنی کەم بۆ ئێمە نا بەو شێوەیە کە لە ئێستادا هەین." بۆیە بۆ ئەوەی هیوایەک بێتە ئاراوە پێویستە خۆمان بگۆڕێن بۆ ئەوەی پێی‌ڕابگەین...



[1] The Day after the Revolution, Zizek, 2017.

[2] Anxiety: چەمکێکی سەرەکیی دەروونشیکارییە، کە پەیوەستە بەلایەنێکی بنەرەتی وەک ئەخلاقەوە. کاتێک تووشی دڵەڕاوکێ دەبین و ڕاڕایان لە کردنی شتێکدا، ئەوە لایەنی کردەوە ئاکتی ئەخلاقیمان لە چالاکیدا، بەوەی بیردەکەینەوە دەرئەنجامەکانی ئەوەی دەیکەین چین و چۆن مامەڵە بکەین. ئەمە بە تەواوەتی دژ بەو تێگەیشتنە باوەی ئەمڕۆی ناو دەروونناسی و گەشەپێدانی خود و ئاین، کە دڵەڕاوکێ وەک تەنگژە و کێشەیەک دەبینێت کە پێویستی بە چارەسەر بێت، ئیدی لەڕێی دەرمانەوە بێت یا لەڕێی خۆدانە پاڵ وەهمێکەوە بێت کە دڵنییای ببەخشێت و دەروون ئارام بکاتەوە...

[3] بۆ نموونەی گەر، کەسێک کە گەیشتۆتە تەمەنێکی تەمەنێکی دیاریکراو، بۆ نموونە کیرکەگارد خۆی کاتێک بڕیاری داوە فەلسەفە بخوێنێت و ببێت بە فەیلسووف، ئەو چیتر بۆ ئەو ئیمکانی ئەوە نەماوە ببێت بە ئاوازدانەرێکی گەورەی وەک بیتهۆڤن، کە نەک لەبەرئەوەی ناتوانێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک ڕێچکەی تری هەڵبژرادووە کە چیتر بواری ئەوەی تیادانە ماوەتەوە.

[4] Freedom, a disease without cure, Slavoj Zizek, 2023, p. 4.

[5] شتێکی ڕێکەوت نیە کە یەکێک لە ماناکانی، وشەی سوبێکت، بریتییە لەوەی بکەویتە ژێر دۆخێک و مەحکوومبوون بە شتێکەوە.

[6] سورئیگۆ چەمکێکی فرۆیدییە، وەک رەقیبێکی ئەخلاقی کاردەکات. بەرجەستەکەری ئەخلاق و نۆرمی بیرکردنەوەی باڵادەستی کۆمەڵگەیە، بۆیە مەرج نیە هەمیشە 'شتێکی ئەرێنی' بێت.  بە تەواوەتی لەسەر درووستکردنی هەستی گوناهـ ئیشدەکات. لای ژیژەک بە خوێندنەوەی لاکانی چەمکەکە، لایەنێکی قێزەون وەردەگرێت. بەوەی دیار نیە ئەم ڕەقیبە، ئەم "ئەویتر"ـە، چی لێمان دەوێت، و ئەوە ئێمەین کە داواکانی دەخوێنینەوە و دەبینە وتەبێژی ئەم ڕەقیبە؛ سەرەڕای ئەوەش هێشتا ناڕوونە کە ئەوەی دەکرێت ئەوە بێت کە ئەو دەیخوازێت و لە پانتایی ڕیاڵی مەحاڵدایە، و هیچ دەستپێراگەیشتنێک پێی و هیچ ئاڵوگۆڕێک بوونی نیە. بۆ نموونە بەردەوام داوای ئەوەمان لێدەکات چێژببینە، بەڵام هەرچییەک دەکەین ناتوانین ئەو وەسێتەی ئەو پڕبکەینەوە، چونکە لەبنەڕەتدا نازانین چی لێمان دەوێت.

[7] Fantasy: فەنتازیا لە سادەترین بنەڕەترین شێوەی خۆیدا، هەر وەک لاکان ئاماژەی پێدەکات بریتییە لە دێمەنێکی وەستاو و مەنگ، و دەتوانین نموونەی ئەوە بێنینە کاتێک سەیری فیلمێک دەکەین و دەزانین دەچیتە سەر دیمەنێکی سامناک ئەوا فیلمەکە دەوەستێنین، ئەم وەستاندنە میکانیزمێکی فەنتازی ڕاگرتنی زەینی کەسەکانە.

[8] Traversing Fantasy: کە چەمکێکی سەرەکی و بنەڕەتی دەروونشیکاری لاکانییە

[9] https://thephilosophicalsalon.com/why-a-communist-should-assume-life-is-hell/

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر