ئاوابوونی سینەما



سوزان سۆنتاگ

و. دانیال محەمەد

 

١٠٠ ساڵەییی سینەما وا دەنوێنێت کە شێوەی سووڕێکی ژیانی هەبێت: لەدایکبوونێکی حاشاهەڵنەگر، یەکبینە سەریەکنانی شانازییەکان و دەستپێکی پاشڤەچوونێکی ناوزڕێنەر و نەگەڕاوە لە دەیەی ڕابردوودا[دەیەی کۆتایی سەدەی بیست]. وانییە کە چیتر نەتوانیت چاوەنواڕی فیلمگەلێکی تازە­ی وەهابیت کە بتوانن ببنە جێی ستایشت، بەڵام ئەوەیە فیلمگەلێکی لەو چەشنە دەبێت ڕیزپەڕ و بێهاوتابن -- کە ئەمە بۆ هەر دەستکەوتێکی مەزن، لە هەر هونەرێکدا بێت، ڕاستە. هاوکات وەها فیلمیەلێک دەبێت سەرپێچیکەری ڕەهای ئەو ڕێسا و ڕەوتانە­ بن کە لە ئێستادا کۆنترۆڵی بەرهەمهێنانی فیلم دەکەن، لە هەر جێیەکی سەرمایەدارانەدا و ئەو شوێنانەیشی کە بەرەو بوون بە سەرمایەداری دەچن – بە دەربڕینێکی تر، هەمووشوێنێک. فیلمە ئاسایییەکانیش، کە فیلمگەلێکن تەنیا وەک ئامڕازێکی کاتبەسەربردن و سەرگەرمی(واتە، بۆ بازرگانی) بەرهەم­ دەهێنرێن، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە پوچ و گەوجانەن؛ زۆرێکیشیان شکستێکی بەرچاو دەهێنن لە ڕاکێشانی سەرنجی ئەو بینەرانەی کە پێشوەختە بە چاوێکی بەرژەوەندیخوازانەوە دەستنیشانیان کردووە. لە کاتێکدا ئامانجی فیلمێکی مەزن لە ئێستادا، پتر لە هەمیشە، دەبێت دەستکەوتێکی دانسقە و تەرا بێت، سینەمای بازاڕی بە پەیڕەوی لە سیاسەتێکی هەڵماسێنەر لە بەرهەمهێنانی فیلمدا، دەستی داوەتە ئاوێتەکردنێکی بێشەرمانە یان جۆرێک لە هونەری ئاوێتەکردنەوە، بەو هیوایەوە کە سەرکەوتنەکانی ڕابردووی پاتە بکاتەوە. سینەما، کە وەختانێک وەک هونەری پێشەنگی سەدەی بیستەم لێی دەڕوانرا، لە ئێستادا کە سەدە لەڕووی ژمارەیییەوە ڕوو لە کۆتایییە، وێدەچێت هونەرێکی ڕوو لە پووکانەوە و داچوون بێت.

ڕەنگە ئەوە سینەما نەبێت کە کۆتاییی هاتووە، بەڵکوو تەنیا سینەفیلیا[1] بێت -- ناوی ڕەگەزێکی زۆر دیار و تەرا لە خۆشەویستی کە سینەما سەرچاوە و بزوێنەریەتی. هەر هونەرێک لایەنگرانی پەڕگری خۆی دەخاتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەو خۆشەویستییەی لە سینەماوە سەرچاوەی دەگرت، ئاوارتەبوو. خۆشەویستییەک کە لەو باوەڕەوە ئاوی دەخواردەوە کە پێی وابوو سینەما هونەرێکە جودا لە هەموو هونەرەکانی دی: تا سەر ئێسقان مۆدێرن؛ بەردەست بە شێوەی تایبەتی خۆی؛ شاعیرانە و ئەفسووناوی و ئێرۆتیک و ئەخلاقی –  گشت ئەمانە لە یەک کاتدا. سینەما چەندین نێردەی هەبوو. (هەروەک ئایین بوو.) سینەما خەباتێک بوو. بۆ سینەفایلەکان، فیلمەکان هەمووشتێکیان لە خۆ دەگرت. سینەما هەم کتێبی هونەر، هەمیش کتێبی ژیان بوو.

هەروەک زۆرێک ئاماژەیان پێداوە، دەستپێکی فیلمسازی سەد ساڵ پێش ئێستا، لە هەلومەرجێکدا کە وای دەخواست، دەستپێکێکی دووفاقەی هاوتەریب بە یەکی هەبوو. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٥دا، دوو چەشن لە فیلم، دوو شێواز لەوەی سینەما لە توانایدایە ببێت، سەری هەڵدا: سینەما وەک لەبەرگرتنەوەی بێ دەستکاری واقیع (برایانی لومیێر)[2]و سینەما وەک داهێنان، دەستکاریکردنی واقیع، وەهم و هەڵخەڵەتاندن، و خەیاڵ (مێلیێس)[3]. بەڵام ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینە نییە وەک دەردەکەوێت. هەموو مەبەستەکە ئەوەیە، بۆ ئەو بینەرە سەراتایییانە، سەرپێییترین لەبەرگرتنەوەی واقیعیش --وێنەگرتنی برایانی لومیێر لە "گەشتنی شەمەندەفەر لە وێستگەی لا سیۆتا"[4] -- ئەزمونێکی سەیر و ناوازە بووە. سینەما لە سەرسامییەکەوە دەستی پێکرد؛ سەرسامی لەوەی واقیع دەکرێت ئاوها بێ ناوبژی لەبەربگیردرێتەوە. سەراپای سینەما هەوڵێکە بۆ بەردوامیدان و سەرلەنوێ داهێنانەوەی ئەو سەرسامییە.

هەمووشتێک لە سینەمادا لەگەڵ ئەو چرکەدا دەستی پێکرد، سەد ساڵ پێش ئێستا، کاتێک شەمەندەفەرەکە گەیشتە وێستەگەکە. تەماشاکەران فیلمەکەیان بردبووە نێو خۆیانەوە، بە ڕادەیەک کە هاواری شەوقیان لێ بەرز دەبووەوە، هەتا خۆیان لادەدا، وەک بڵێی شەمەندەفەرەکە بەرەو ڕووی ئەوان بێت. تا ئەو کاتەی سەرهەڵدانی تەلەڤیزیۆن هۆڵەکانی سینەمای چۆڵ نەکردبوو، لە سایەی ئەو هەفتانە سینەما ڕۆشتنانەوەبوو کە فێردەبوویت (یان هەوڵت دەدا فێرببیت) چۆن بڕۆیت بە ڕێگادا، جگەرە بکێشیت، ماچ­ بکەیت، شەڕ بکەیت و ناڕەحەت بیت. فیلمەکان ڕێنوێنیان دەدایتێ لەبارەی چۆنیەتی سەرنج­ ڕاکێشبوونەوە، بە نموونە: لەبەرکردنی بارانی کەشخە دەردەکەوێت، هەتا گەر بارانیش نەبارێت. بەڵام ئەوەی لەگەڵ خۆتدا دەتبردەوە بۆ ماڵ، تەنیا پاژێک بوو لە ئەزموونێکی گەورەتر، کە ئەویش خۆ نغرۆکردن بوو لە ژیانگەلێکدا کە هی تۆ نەبوون. ویستی خۆ ونکردن لە ژیانی ئەوانی تردا...لە ڕووخسارییاندا. ئەمە چەشنە مەیلێکی فراوانتر و گشتگیر­ترە کە ئەزموونکردنی فیلمی دەورەداوە. هەتا زیاتر لەوەی خۆت بۆی دەچوویت و هەڵت دەهێنا لە فیلمەکانەوە، ئەزموونی خۆ بەدەستەوەدان و گوێزرانەوەبوو بەوەی لەسەر پەردەی سینەمادا بوو. وای لێ دەکردیت بتەوێت لەلایەن فیلمەکانەوە بڕفێنرێیت – و ئەو ڕفێنرانەیش لەڕێی نقوومبوون و بوون بە ژێر حزووری ماددی وێنەکانی سەر پەردەوە مەیسەر دەبوو. بینینی فیلمێکی یەکجار باش تەنیا لە تەلەڤزیۆندا، لە ڕاستیدا بینینی نییە. مەسەلە تەنیا ئەندازەی وێنە نییە: جیاوازی نێوان لە-خۆت-­گەورەتربوونی وێنەی سەر پەردەی سینەما و وێنە بچووکەکەی سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن. دۆخی بەدیارەوەبوون و چڕکردنەوەی سەرنج لە فەزایەکی نێوخۆییدا[ماڵەوە] لە بنەڕەتدا بێ ڕێزییە بە فیلم. ئێستا کە چیتر فیلمەکان ئەندازەیەکی دیاری کراویان نەماوە، نمایشدەرەکانی ناوماڵ دەتوانن بە ئەندازەی ژووری میوان یان ژووری نووستنەکان گەورەبن، لێ ئەمە ناتوانێت ئەو واقیعە بگۆڕێت کە تۆ هێشتا لە ژووری دانیشتن یان نووستندایت. بۆ ئەوەی بڕفێنرێیت، پێویستە لە هۆڵی سینەمادا و لە تاریکییەکەیدا دانیشتبیت؛ لە نێو کۆمەڵێک غەریبەدا.

هیچ بڕێک لە ماتەمباری ناتوانێت نەریتی لەناوچووی – ئێرۆتیک، بیریارانەی -- نێو هۆڵە تاریک کراوەکانی سینەما بژیەنێتەوە. نزمکردنەوەی سینەما بۆ چەند وێنەیەکی بێڕێزانە، و دەستکاریکردنی بێبنەمایانەی وێنەکان (لەڕێی کاتکردنی خێرا و لەدوای یەکەوە) لەپێناو سەرنجڕاکێشترکردنیان، بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی سینەمایەکی لە بارساییی داماڵڕاوی، کەم بایەخ، کە سەیرکردنی فیلمەکانی وردبوونەوە و ڕامانێکی ئەوتۆ ناخوازێت و ئەسڵەن داوایشی ناکات. وێنەکان ئێستا لەسەر ڕووکاری فرەجۆر و لە هەرچی ئەندازەدایە، دەردەکەون: لەسەر پەردەی سینەما، لەسەر دیواری دیسکۆکان و لەسەر شاشە زەبەلاحە هەڵواسراوەکانی بەرزترین خاڵی یاریگاکانەوە. لەهەمووجێ‌بوونی وێنە جووڵاوەکان، بووەتە هۆی کزبوونی ئەو پێوەرانەی کە سەردەمانێک خەڵک بۆ سینەما هەیان بوو؛ هەم وەک هونەرێک و هەمیش وەک سەرگەرمییەکی لەبەردڵان.

لە ساڵەکانی سەرەتادا, زاتەن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو فۆڕمی فیلمەدا لە ئارادا نەبوو، و تەواوی فیلمەکانی قۆناغی سینەمای بێ دەنگ -- لە شاکارەکانی فیاد[5]، دی. دەبڵیو. گرێفیس[6]، زیکا ڤێرتۆڤ[7]، پابیست[8]، مورنۆ[9] و کینگ ڤیدۆرەوە[10] بگرە تا فیلمە مێلۆدراما و کۆمیدییە بەپێی قاڵبی ئامادە-دروستکراوەکان -- لەچاو زۆرینەی ئەو فیلمانەی بەدوایاندا هاتن، لە ئاستێکی بەرزی هونەریدان. لەگەڵ هاتنی دەنگدا، وێنە درووستکردن زۆربەی ناوازەیی و شاعیرانەبوونی خۆی لەدەستدا، و پێودانگە بازرگانییەکان زەقتربوونەوە. ئەم شێوازە فیلمسازییە -- سیستمی هۆڵیوود  -- بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ دەستی­ بەسەر بەرهەمهێنانی فیلمدا گرت بوو (بە نزیکەیی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٠ تاکوو ١٩٥٥). دەرهێنەری ڕەسەن و داهێنەری وەک؛ ئێریش ڤۆن شترۆهایم[11] و ئۆرسن وێڵز[12]، لەلایەن سیستەمەوە بەزێنران و سەرئەنجام ڕوویان لە تاراوگەنشینییەکی هونەرییانە کرد بۆ ئەوروپا -- لەوێ کە کەم تا زۆر هەمان سیستمی کوالیتی-بەزێن بەتازەیی هاتبووە سەر کار، ئەڵبەت بە بودجەییەکی کەمترەوە؛ لەو ماوەیەدا تەنیا لە فەڕەنسابوو کە ژمارەیەکی زۆر فیلمی یەکجار باش بەرهەمهێنران. دواتر، لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا، ئایدیا پێشڕەو و ئاڤانگاردەکان جارێکی تر زاڵبووبوونەوە، سەرچاوەی ئەمەش بۆ ئەو فیلمە ئیتاڵییانەی ڕۆژگاری گەرماوگەرمی پاش-جەنگ دەگەڕایەوە کە وەک هونەرێک مامەڵەیان لەگەڵ سینەمادا دەکرد، و لە هەوێنی وەها ڕوانینێکدا بوو کە ژمارەیەکی درەوشاوە لە فیلمی ڕەسەنی بەپەرۆش، لە بەرزترین ئاستی جددیەتدا هاتنە چێکردن.

ڕێک لەم ساتەی مێژووی سەد ساڵەی سینەمادا بوو، کە چوون بۆ سەیری فیلم لە سینەماکاندا، بیرکردنەوە دەربارەی فیلمەکان، و قسەکردن لەبارەیانەوە، بوو بە خولیایەک لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و گەنجانی دیکەدا. دەکەوتیتە نەک تەنیا داوی خۆشەویستی ئەکتەرەکانەوە، بەڵکو سینەما خۆیشیەوە. [کلتووری]سینەفیلیا بۆ یەکەمجار لە پەنجاکاندا لە فەڕەنسا دەرکەوت: مەکۆ و دوانگەیان گۆڤاری فیلمی ئەفسانەیی (کایە دو سینەما)[13]بوو (کە بەدوایدا چەندین گۆڤاری هەروا بەپەرۆش لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، شانشینی یەکگرتوو، سوید، ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا دامەزرێنران). پەرستگای سینەفایلەکان، فیلمخانە[14] و یانەی شارەزای فیلمە کۆنەکان بوون، کە هاوکات تێیاندا نمایشی تایبەتی بۆ کۆبەرهەم یان بەرهەمە دیارەکانی دەرهێنەرە پێشینییەکانیش ساز دەکرا، ئەم جۆرە شوێنانە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کلتووری سینەفیلیا بە ئەوروپا و ئەمریکادا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراوانە هەڵتۆقین. شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، ڕۆژگاری کڵپەکردووی چوون بۆ سینەما بوو، سینەفیلە دایمییەکان هەمیشە لە هیوای دۆزینەوەی جێگەیەکی هەتابکرێت نزیکترەوەبوون لە پەردەی گەورەوە، بەتایبەت جا گەر هەڵکەوتایە کورسییەکانی ناوەڕاستی ڕیزی سێیەم. ''بێ ڕۆسێلینی ژیان ناکرێت،" یەکێک لە کەسایەتییەکان لە فیلمی "پێش ڕاپەڕین"[15]ی بێرتۆلۆچیدا ڕای دەگەینێت و زۆریش بەجددییەتی کاتێک وا دەڵێت.

بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، هەموو مانگێک شاکارێکی تازەت دەدۆزییەوە نمایش بدرێت. چەند دوورەدەست دیارە ئێستا ئەو دەورانە. گومانی تێدا نییە کە هەمیشە کێشمەکێشێک لە نێوان سینەما چەشنی پیشەسازییەک و سینەما وەک هونەرێک، و سینەما لە چەشنی ڕۆتینێک و سینەما وەک ئەزموونێک، لە ئارادا بووە. بەڵام ئەم کێشمەکێشانە هێندە نەبوون کە ببنە ڕێگر لە بەرهەمهێنانی فیلمگەلی ناوازەدا، جا هەندێکجار لەنێو و وەختاییەکیش لەدەرەوەی سینەمای ڕەوتی گشتیدا. ئێستاکە کێشمەکێشەکە بەلای (سینەما چەشنی پیشەسازییەک)دا بەتەواوی یەکلابووەتەوە. سینەمای مەزنی شەست و حەفتاکان بە شێوەیەکی یەکجاری وەلانراوە. هەر لە حەفتاکاندا هۆڵیوود خەریکی لەبەردروستکردنەوە و نواندنەوەیەکی سەتحی بوو لە شێوازی گێڕانەوە و مۆنتاژکردنی فیلمە سەرکەوتووە تازەکانی ئەوروپا و فیلمە سەربەخۆ درووستکراوە ئەمریکییە هەردەم-پەراوێزخراوەکاندا. پاش ئەوە سەرەی بەرزبوونەوەی کارەساتباری نرخی بەرهەمهێنان هات لە هەشتاکاندا، کە بووە هۆی پێداچوونەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێوەرەکانی بەرهەمهێنان و پەخشکردنی فیلمەکان، و چەسپاندنیان بەشێوەیەکی ئیجبارانەتر، ئەمجارە لە ئاستێکی جیهانیدا. ڕوولەزۆربوونی تێچووی بەرهەم هێنان، بەو مانابوو کە فیلمەکان، بۆ ئەوەی سوودهێنەربن، دەبێت یەکسەر پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنن، ئەویش هەر لەیەکەم مانگی نمایشکردنیاندا. سەرەڕای ئەوەش زۆربەی فیلمە پرخەرجەکان شکستیان دەهێنا و ئەوە چەند فیلمێکی ''بچووک'' بوون کە هەمیشە بە دڵڕفێنی خۆیان لە کاتی دەرکەوتنیاندا، دەبوونە هۆی سەرسووڕمانی هەمووان. ماوەی نمایشی فیلمەکان لە سینەماکاندا کورتتر و کورتتر دەبووەوە (وەک ماوەی خواست لەسەربوونی کتێبەکان لەسەر ڕەفەی کتێب فرۆشیەکاندا)؛ زۆرێک لە فیلمەکان ڕاستەوخۆ بۆ نمایشی ڤیدیۆیی ئامادە دەکران. هۆڵەکانی سینەما بەردەوام بوون لە داخران -- زۆرێک لە شارەکان هەتا دانەیەکیش چییە لێی نەما -- لەگەڵ بوونی فیلمەکان، بە یەکێك لە چالاکییە بە ڕۆتین بووەکانی کاتبەسەربردن لە ماڵەوە.

لەم وڵاتەدا{ئەمریکا}، هێنانە خوارەوەی چاوەڕوانییەکان لەمەڕ کوالیتی و هەڵاوسانی چاوەنواڕییەکان بۆ قازانج، بە کردەکی بووەتە هۆی ئەستەمبوونی ئیشکردن بۆ دەرهێنەرە لە ڕووی هونەریەوە بەرزەفڕەکانی وەک؛ فرانسیس فۆرد کاپۆلا[16] و پۆوڵ شرایدەر[17]، تا لە باشترین ئاستی خۆیاندا ئیش بکەن. لە دەرەوەی وڵاتیشدا، دەکرێت هەمان دەرئەنجام لە چارەنووسی دڵتەزێنی هەندێک لە گەورەترین دەرهێنەرەکانی دەیەی ڕابردوودا هەڵبهێنرێت. چ جێیەک لەمڕۆدا بۆ یاخییەکی وەک هانس-یورگن سیبێربێرگ[18] هەیە کە بە یەکجاری وازی لە فیلمسازی هێناوە، یان گۆدار[19]ی مەزن، کە لە ئێستادا لەبارەی میژووی سینەماوە فیلم دروست دەکات، لەسەر ڤیدیۆدا؟ ئەم نموونانەی تریش لەبەرچاو بگرن: پەیداکردنی بەرهەمهێنەری نێودەوڵەتی، هاوکات واتە قبووڵکردنی ئیشکردن لەگەڵ ئەکتەری نێودەوڵەتیدا و ئەمە بۆ ئاندرێ تارکۆڤسکی[20] لە دوو فیلمی کۆتایی ئەو کارنامە پڕشکۆ (و تراژیدییانە کورت)ەیدا کارەساتبار کەوتەوە. وە چۆن ئالێکساندێر سوخۆرۆڤ[21] پارە بۆ بەردەوام بوون لە بەرهەمهێانی فیلمە باڵاکانی بدۆزێتەوە، ئەویش لەو بارودۆخە بێشەرمانەی سەرمایەداری ڕووسیادا؟

هەروەک پێشبینی دەکرا، خۆشەویستی بۆ سینەما ڕووی لە کزبوون کردووە. خەڵکی هەنووکەش حەزیان بۆ سینەما ڕۆشتن هەیە و هێشتاش کەسانێک هەن کە گرنگی دەدەن و چاوەڕێی شتێکی تایبەت، و پێدڤی دەکەن لە هەر فیلمێک کە دەیبینن. سەرباری ئەمەش فیلمی بێوێنە ئەمێستاش دروست دەکرێت: "ڕووت"ی مایک لی[22]، "لامێریکا"ی جیاننی ئامێلیۆ[23]، "چارەنووس"ی فرێد کێلمن[24]. بەڵام چیتر ناتوانیت، لانیکەم لەنێو گەنجاندا، خۆشەویستییەکی تەرای سینەفایلیانەی وا بدۆزیتەوە کە تەنیا خۆشەویستی نییە، بەڵکو سەلیقەیەکەی تایبەتیشە لەمەڕ فیلمەوە (کە بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیشتیهایەکی سەیر بۆ بینین و بینینەوەی سینەمای پڕشکۆی ڕابردوو، هەتا ئەو شوێنەی لە توانادایە). سینەفیلیا خۆی کەوتوەتە بەر لێشاوی هێرشەوە، چەشنی شتێکی کۆنی، لەباوکەوتوو و خۆ پێ بەشتزان. بۆ سینەفایلەکان فیلمەکان ئەزموونێکی دانسقە و دووبارەنەبووە و سیحراوی دەگەیەنن. سینەفایلەکان پێمان دەڵێن دروستکردنەوەی هۆڵیوودیانەی هەناسەلێبڕاوی[25] گۆدار ناتوانێت بە باشی ئەسڵەکەی دەربێت. سینەفیلیا هیچ ڕۆڵیکی لە سەردەمی فیلمە سەرووپیشەسازییەکاندا نییە. سینەفیلیا، ناتوانێت دەست لە باوەڕنەمان بە فیلمەکان، پێش هەموو شتێک وەک ماکێکی شیعری، هەڵبگرێت؛ ئەویش بەهۆی پێداگرییەوە لەسەر سنوور و هەڵبژاردەخوازی سەلیقەکەی. و خۆی پێ ناگیرێت هانی ئەو کەسانە نەدات کە لە دەرەوەی پیشەی فیلمسازیین، وەک وێنەکێش و نووسەرەکان، تا بەڵکوو ئەوانیش فیلم دروست بکەن. ڕێک ئەم شێوازە ڕوانینەیە کە شکستی هێناوە.

گەر سینەفیلیا مردبێت، کەوایە فیلمەکانیش مردوون... هیچ گرنگ نییە چەند فیلم، جا با فیلمی باشیش، بەردەوام بێت لە دروستکران. گەر سینەما بتوانێت بژیەتەوە، ئەوا تەنیا لە گرەوی لە دایکبوونی شیوازێکی نوێدا دەبێت لە سینە-ئەڤین.

(شوباتی، ١٩٩٦)

 

سەرچاوەکان:

·          Sontag, S. (1996, February 25).  The Decay of Cinema. The New York Times. https://www.nytimes.com/1996/02/25/magazine/the-decay-of-cinema.html

·          سوزان سانتاگ. زوال سینما. ترجمە­ای آزاد شاکرمی



[1] Cinephilia

[2] The Lumiere brothers

[3] Georges Méliès

[4] The Arrival of a Train at La Ciotat Station, directed by Auguste and Louis Lumière, 1895

[5]  Feuillade

[6] D. W. Griffith

[7] Dziga Vertov

[8] G. W. Pabst

[9] F. W. Murnau

[10] King Vidor

[11] Erich Von Stroheim

[12]  Orson Welles

[13] Cahiers du Cinema

[14] Cinémathèque

[15] Before the Revolution (Prima della rivoluzione), directed by Bernardo Bertolucci, 1964

[16] Francis Ford Coppola

[17] Paul Schrader

[18] Hans- Jurgen Syberberg

[19] Jean-Luc Godard

[20] Andrei Tarkovsky

[21] Aleksandr Sokurov

[22] Naked, directed by Mike Leigh, 1993

[23] Lamerica, directed by Gianni Amelio, 1994

[24] Fate (Das Schicksal), directed by Fred Kelemen, 1994

[25] Breathless (À bout de souffle), directed by Jean-Luc Godard, 1960

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر